120 تۆن بەرهەمی پەتاتەی هەرێمی کوردستان رەوانەی وڵاتی ئیمارات کرا

120 تۆن پەتاتەی هەرێمی کوردستان رەوانەی وڵاتی ئیمارات کران | وێنە: رێناس عەلی - کوردستان24
120 تۆن پەتاتەی هەرێمی کوردستان رەوانەی وڵاتی ئیمارات کران | وێنە: رێناس عەلی - کوردستان24

K24 - هەولێر

لە چوارچێوەی گرێبەستێکی نێوان دوو کۆمپانیای بازرگانی هەرێمی کوردستان و ئیمارات، ئەمڕۆ 120 تۆن بەرهەمی پەتاتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان رەوانەی وڵاتی ئیمارات کران و گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵیش دەلێت، هەفتانە 500 تۆن پەتاتە رەوانەی ئەو وڵاتە و وڵاتانی دیکەی کەنداو دەکرێن.

ئەمڕۆ دووشەممە 7ـی ئابی 2023، لە هەولێر رێوڕەسـمی واژووکردنی گرێبەستی هەناردەکردنی بڕی پێنج هەزار تۆن پەتاتەی پیشەسازی لە نێوان وەبەرهێنەران و بازرگانانی بەروبوومی پەتاتە لە هەرێمی  کوردستان و بازرگانانی وڵاتی ئیمارات بەڕێوەچوو. لە چوارچێوەی ئەو گرێبەستەی واژووکراوە، ئەمڕۆ 120 تۆن پەتاتەی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی پێنج کۆنتێنەرەوە ڕەوانەی وڵاتی ئیمارات کران و لەوێشەوە رەوانەی وڵاتانی دیکەی کەنداو دەکرێن.

 

120 تۆن پەتاتەی هەرێمی کوردستان رەوانەی وڵاتی ئیمارات کران | وێنە: رێناس عەلی - کوردستان24
120 تۆن پەتاتەی هەرێمی کوردستان رەوانەی وڵاتی ئیمارات کران | وێنە: رێناس عەلی - کوردستان24

 

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ: هەفتانە 500 تۆن پەتاتە رەوانەی وڵاتی ئیمارات دەکرێن

ئەمڕۆ دووشەممە 7ـی ئابی 2023، هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو گرێبەستەی نێوان بازرگانانی هەرێمی کوردستان و ئیمارات واژووکراوە، هەفتانە 500 تۆن پەتاتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان رەوانەی وڵاتی ئیمارات دەکرێن و پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت تا هەر پێنج هەزار تۆنەکە دەگەن.

 

120 تۆن پەتاتەی هەرێمی کوردستان رەوانەی وڵاتی ئیمارات کران | وێنە: رێناس عەلی - کوردستان24
120 تۆن پەتاتەی هەرێمی کوردستان رەوانەی وڵاتی ئیمارات کران | وێنە: رێناس عەلی - کوردستان24

 

هیوا عەلی ئاماژەی بەوەش دا، رۆژی دووشەممە 31ـی تەمموزی 2023، لە ڕێگەی هەشت کۆنتێنەرەوە، 300 تۆن پەتاتەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە پاڵپشتی حکومەتی هەرێم هەناردەی وڵاتانی کەنداو کران و، وەکو خۆی باسی کرد، لەو هەشت کۆنتێنەرە، سێ کۆنتێنەر لە وڵاتی عومان و پێنج کۆنتێنەریش لە وڵاتی ئیمارات فرۆشران.

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش دا، بەرهەمی پەتاتەی ئەمساڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان تا ئێستا نزیکەی 650 هەزار تۆنە و پێشبینی دەکەن، لە لەماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا ژمارەکە زیاتر بەرزببێتەوە. گوتیشی، لەو 650 هەزار تۆنە، نزیکەی 100 بۆ 150 هەزار تۆن پەتاتەی پیشەسازین و بۆ دروستکردنی چپس، فینگەر و بەرهەمی هاوشێوە بەکاردەهێندرێن.

120 تۆن پەتاتەی هەرێمی کوردستان رەوانەی وڵاتی ئیمارات کران | وێنە: رێناس عەلی - کوردستان24
120 تۆن پەتاتەی هەرێمی کوردستان رەوانەی وڵاتی ئیمارات کران | وێنە: رێناس عەلی - کوردستان24

 

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو هەناردەکردنی نزیکەی پێنج هەزار تۆن پەتاتەی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتانی کەنداو  بە "رۆژێکی زۆر دڵخۆشکەر" ناوبرد و ئاماژەی بەوە دا، پێش 14 ساڵ بەرهەمی پەتاتە لە هەرێمی کوردستان تەنها 60 هەزار تۆن بوو، بەڵام ئێستا بەرهەمەکە بۆ سەرووی 600 هەزار تۆن بەرزبووەتەوە، کە داهاتەکەی بە زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار دەخەملێندرێت و دەتوانرێت ساڵانە هەناردەی دەرەوە بکرێت.

پارێزگاری هەولێر: دەتوانین 550 هەزار تۆن پەتاتەی هەرێمی کوردستان هەناردەبکەین

لە رێوڕەسمی هەناردەکردنی پەتاتەی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی ئیمارات؛ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "چەند ساڵێک پێش ئێستا بەرهەمی پەتاتە لە هەرێمی کوردستان بەشی شارێکی وەکو هەولێریشی نەدەکرد، بەڵام ئێستا بەهۆی بازووی جووتیاران، پاڵپشتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سیاسەتی کابینەی نۆیەم بۆ فرەچەشنکردنی سەرچاوەی داهات، بەرهەمی پەتاتە لەمساڵدا گەیشتووەتە 650 هەزار تۆن".

بەگوتەی پارێزگای هەولێر، هەرێمی کوردستان بۆ پێداویستی ناوخۆیی نزیکەی 100 هەزار تۆن پەتاتەی پێویستە، "واتا نزیکەی 550 هەزار تۆن پەتاتەی بەرهەمی جووتیاران دەتوانرێت هەناردەی دەرەوەی وڵات بکرێت و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو رووەوە هەموو ئاسانکارییەک پێشکەش دەکات".

 

پارێزگاری هەولێر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لەوەش کرد، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام کاری بۆ زەمینەخۆشکردن بۆ کار و کەسابەتی خەڵک، وەبەرهێنان و بەرهەمێنانی بەرهەمی ناوخۆیی، دابنیکردنی ئاسایشی خۆراک، بووژاندنەوەی کشتوکاڵ و بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی کردووە و، ویستوویەتی لە بازاڕەکانی جیهاندا "کۆمەڵگەی کوردستان تەنها هاوردەکار نەبێت، بەڵکوو هەناردەکاریش بێت".

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان: کار بۆ هەناردەکردنی سێو، هەنجیر و ترێش دەکەین

هاوکات د. محەممەد شۆکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەناردەکردنی بەرهەمی پەتاتەی جووتیارانی هەرێم بۆ وڵاتی ئیمارات بە هەوڵ و ماندووبوونی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە هەماهەنگی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان بووە.

بەگوتەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، ئەگەر دەرگا بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوەی وڵات بکرێتەوە، جووتیاران زیاتر پەرە بە بەرهەمەکانیان دەدەن و بەرهەمەکانیان بەفیڕۆ ناچێت. محەممەد شوکری گوتی، بەرهەمی پەتاتە لە هەرێمی کوردستان تەنها ئەمساڵ زیاتر لە 650 هەزار تۆن بووە، کە 150 هەزار تۆن  لە ساڵی رابردوو زیاتر بووە.

120 تۆن پەتاتەی هەرێمی کوردستان رەوانەی وڵاتی ئیمارات کران | وێنە: رێناس عەلی - کوردستان24
120 تۆن پەتاتەی هەرێمی کوردستان رەوانەی وڵاتی ئیمارات کران | وێنە: رێناس عەلی - کوردستان24

 

وەکو ئەوەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان باسی کرد، هەرێمی کوردستان "بەرهەمی نایابی کشتوکاڵی" هەیە و لەمساڵدا کار بۆ هەناردەکردنی ترێ، سێو و هەنجیری جووتیارانی هەرێم هەناردەی وڵاتانی کەنداو و بەتایبەت وڵاتی ئیمارات دەکرێت. جەختیشی لەوە کردەوە، ئەگەر بەرهەمی جووتیاران لە دەرەوە ساخبکرێتەوە، بەروبوومی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان روو لە زیادبوون دەکات.

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام کاری بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران کردووە

بە پاڵپشتیی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تا ئەمڕۆ چەندین بەرهەمی جیاوازی کشتوکاڵی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، ئاستی بەرهەمێنانیان لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان گەیشتووتە ئاستی خۆبژێوی. لەوانەش پەتاتە، گەنمەشامی، خەیار و چەندین بەرهەمی دیکەی سەوزە و میوە.

یەکێک لە گرنگترین هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمی جووتیاران لە بازاڕە جیهانییەکااندا، هەناردەکردنی بەرهەمی هەناری جووتیارانی هەرێم بووە بۆ وڵاتانی کەنداو. رۆژی هه‌یینی 2ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022، یه‌كه‌م كاروانی هه‌ناری كوردستان ره‌وانه‌ی وڵاتی ئیمارات كرا و دواتر بە شەش کاروان، زیاتر لە دوو هەزار هەناری هەرێمی کوردستان هەناردەی وڵاتانی کەنداو کران.

جه‌لیل ساڵحی، سه‌رپه‌رشتیاری پڕۆژه‌ی هه‌نارده‌كردنی به‌روبوومی كشتوكاڵی هه‌رێمی كوردستان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە داهاتوودا جگە لە هەناردەکردنی هەنار، کار بۆ هەناردەکردنی بەرهەمەکانی ترێ، هەنگوین، سێو بۆ بازاڕەکانی ئیمارات، سعوودیە، بەحرێن، بەریتانیا و وڵاتانی ئەوروپا دەکەن.

هاوکات برنجی کوردی و تەحینی کونجیی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، لە بازاڕەکانی دەرەوە بەتایبەتی لەو وڵاتانەی رەوەندی کوردی بەشێوەیەکی فراران تێیدا دەژین، خواستی زۆری لەسەرە. هەروەها، بەرهەمە شیرەمەنییەکان و زەیتی زەیتوون و ئاوتەماتە و چەندین بەرهەمی دیکە، بەشێکی زۆر لە پێداویستییەکانی ناوخۆ پڕدەکەنەوە.