کوالێتی دەرمان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بەرز دەکرێتەوە و نرخەکەشی دادەبەزێت
K24 – هەولێر
لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بریتی بوو لە ئاسانکاریکردن بۆ سەرجەم هاووڵاتییان لە گەیشتنیان بە باشترین خزمەتگوزاری تەندروستی، پڕۆژەی چاکسازی لە بواری دەرمان دەستیپێکرد، بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی جۆری دەڵێت: پڕۆژەکە بەشێوەیەکی باش جێبەجێکراوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا هیچ دەرمانێک نابێت لە بازاڕەکان ستیکەری پێوە نەبێت و بە تەواوی دەرمان کۆنترۆڵ.
یەکەی گرێبەستە سەرەکییەکان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە پاڵپشتی وەزارەتی تەندروستی واژۆکردنی گرێبەستی دەرمانی کوالێتی بەرز لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەرمان راگەیاندووە، بۆ دابینکردنی 156 جۆر لە گرنگترین دەرمانەکان، بۆ کەرتی تەندروستی بە گشتی بە نرخێکی گونجاو و رکابەر لەگەڵ نرخەکانی بازاڕ.
لە ساڵانی رابردوودا کەرتی تەندروستی هەرێمی کوردستان رووبەڕووی چەندین بەربەستی پەیوەست بە دەرمان بووەتەوە.
کورتهێنان
نەخۆشخانە گشتییەکان کێشەیان هەبووە لە دابینکردنی دەرمانی کوالێتی بەرز بە نرخی شایستە، هەروەها دواکەوتن هەبووە لە گواستنەوەی دەرمان کە ئەمەش دەبووە هۆی کورتهێنان.
کوالێتی
بەشێکی دەرمانەکان بە کوالێتیەکی نزمەوە دابین دەکران، ئەگەری هەیە ئەو دەرمانە هەرزانانە بەسەرچووبن یان لەژێر بارودۆخی گونجاودا نەگواسترابنەوە.
بەکارهێنانی سەرچاوە مرۆییەکان
کڕینی دەرمان بەشێوەیەکی سەربەخۆ لەلایەن دامەزراوەکانەوە پرۆسەیەکی کرداری نییە، لەبەر ئەوەی هەمان پرۆسە دووبارە بوونەوە بە خۆیەوە دەبینێت، بەڵام ئەگەر کڕینەکان بە ناوەندی بکرێن ئەوکات کارمەندانی حکومەت بەشێوەیەکی بەرچاوتر سوودی لێوەردەگرن.
هەنگاوەکانی پڕۆژەی چاکسازی لە دەرمان لە هەرێمی کوردستان، لە مانگی ئاداری 2021 دەستیپێکردووە، لە سەرەتادا یەکەی گرێبەستە سەرەکییەکان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستی و سندووقی کۆمەک بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە کۆبووەوە، بۆ ئەوەی لە کێشە کەڵەکە بووەکان تێبگەن.
پرۆسەی تەندەرکردن لە کانوونی دووەمی ساڵی 2022 دەستیپێکرد، یەکەی گرێبەستە سەرەکانی لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران، هەستا بە ئەنجامدانی پرۆسەی تەندەرکردنی شەفافی نێودەوڵەتی بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی پلاندانان.
هەروەها لە کانوونی یەکەمی 2022دا 22 کۆمپانیا کۆمپانیا ئۆفەرییان پێشکەشکرد، هەر ئۆفەرێک لەلایەن لیژنەی پسپۆڕی وەزارەتی تەندروستی هەڵسەنگاندنی بۆ کرا، بۆ ئەوەی دڵنیا ببینەوە لە کوالێتی دەرمانەکان.
دواتر لە ئایاری 2023، وەزارەتی تەندروستی گرێبەستی لەگەڵ 10 کۆمپانیای جیاواز واژووکرد، بۆ ئەوەی 156 دەرمانی جۆراوجۆر بۆ کەرتی تەندروستی گشتی دابین بکەن، بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو.
سوودەکانی پڕۆژەکە:
دابینکردنی جێگیر
وەزارەتی تەندروستی هەڵساوە بە واژۆکردنی گرێبەست بۆ دابینکردنێکی جێگیر بۆ 156 دەرمانی سەرەکی بۆ کەرتی تەندروستی گشتی بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو.
دڵنیایی جۆری
لەڕێگەی پەیڕەوکردنی ڕێکارە نێودەوڵەتییەکان، ئەم پڕۆسەیە دڵنیایی دەدات لەوەی کە سەرجەم دەرمانەکان بەرزترینن لە رووی کوالێتیەوە هاوتەریب لەگەڵ ئامانجەکانی کابینەی نۆیەم.
کەمکردنەوەی خەرجی
لەڕێگەی بە ناوەندیکردنی گرێبەستە گشتییەکانی دەرمان، حکومەتی هەرێمی کوردستان توانیویەتی دەسەڵاتی مامەڵەکردنی لەگەڵ کۆمپانیاکان بەهێزتر بکات و بتوانێت بەڕێژەی %33 و بەبڕی 7.4 ملیۆن دۆلاری ساڵانە خەرجی کەم بکاتەوە.
گرنگیدان بە کۆمپانیا ناوخۆییەکان
رێژەی %48ـی دەرمانەکان لەلایەن کۆمپانیا ناوخۆییەکانی کوردستانەوە بەرهەم دەهێنرێن، کە خاوەن باڵاترین دانپێدانانی نێودەوڵەتین.
هەنگاوەکانی داهاتوو:
دوابەدوای واژۆکردنی گرێبەستەکان، یەکەی گرێبەستە سەرەکیەکان لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران ئەمانەی خوارەوە ئەنجام دەدات:
پێدانی راهێنانی زیاتر
ئەنجامدانی وۆرکشۆپ بۆ بەڕێوبەرایەتییەکانی تەندروستی و کۆمپانیاکانی دەرمان بۆ ئەوەی دڵنیایی بدات لەوەی سەرجەم لایەنەکان توانا و ئامادەییان هەیە تاکو لەژێر ئەم رێککەوتنە بازرگانییە نوێیەدا کاربکەن.
پشتگیریکردن لە فراوانکردنی پرۆژەکە
یەکەی گرێبەستە سەرەکییەکان پشتگیری وەزارەتی تەندروستی دەکات لە فراوانکردنی پرۆژەکە تاوەکو جۆری زیاتری دەرمان دابین بکات، ئەمەش لەڕێگەی دابینکردنی ئامراز و بەڵگەنامە بەکارهاتووەکانی ئەم پرۆژە تاقیکارییەوە دەبێت.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی چاکسازی لە بواری دەرمان، د. شێروان سادق، بەڕێوەبەری گشتیی کوالێتی کۆنترۆڵی جۆری لە هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان توانراوە دەرمانی ناوخۆی لە رووی کوالێتییەوە بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێت، ئەوەی ماوەتەوە رەنگە لە سەدا 30 بێت لە بازاڕەکان کە دەرمانی دەرەوەی هاوردەکرابێ و ستیکەری پێوە نەبێت، لە ئایندەیەکی نزیکدا تەواوی دەرمان لە رووی کوالێتی و نرخەوە کۆنترۆڵ دەکرێت".
روونیکردەوە: "پرۆسەی چاکسازی لە دەرمان لە ساڵی 2021ـەوە دەستیپێکردووە، بەڵام لە مانگی 11ی ساڵی 2022 چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە داهاتوویەکی نزیکدا دەرئەنجامی پرۆسەکە رادەگەیەنین کە هیچ دەرمانێک نامێنێ لە هەرێنی کوردستان ستیکەری پێوە نەبێت".
د. شێروان، جەختیشیکردەوە: "ئێستا هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە رێگەی مۆبایلەکەیانەوە دەتوانن تەواوی زانیاری لەسەر دەرمانە بزانن".
بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی کۆنترۆڵی جۆری، تەنیا لە ساڵی 2022 تهنیا نزیكهی 150 تۆن دهرمان به هۆكاری بهسهرچوون و دهرنهچوون له پشكنین، ههروهها نهبوونی دهرمانهكان له لیستی نیشتمانیی، رهتكراونهتهوه.
پێشتر د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ی گوتبوو: "بەشێوەیەکی گشتی نرخی نوێی دەرمان لە سەدا 15 بۆ لە سەدا 20 دابەزێنراوە، داواش لە هاووڵاتیان دەکەین دەرمان بەو نرخە بکڕن کە لەسەر ستیکەرەکە نووسراوە.