رووسیا تا کۆتایی 2026 ڤاکسینی دژەشێرپەنجە بە 20 تووشبوو دەدات

سەنتەری "گامالیا"ـی رووسی ئاشکرای کرد تا کۆتایی ساڵی 2026 ڤاکسینی نوێی دژەشێرپەنجە بە 20 نەخۆش دەدرێت، هاوکات سەرکەوتنی چارەسەری یەکەم تووشبووی راگەیاند کە دوای وەرگرتنی ڤاکسینەکە گرێ شێرپەنجەییەکانی جەستەی نەماون.

ئەلێکساندەر گینزبۆرگ، بەڕێوەبەری زانستیی سەنتەری نیشتمانیی رووسیا بۆ توێژینەوەکانی پەتازانی و زیندەوەرە وردبینەکان "گامالیا"، رایگەیاند کە پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ساڵی 2026، ژمارەیەک تووشبووی شێرپەنجە کە دەگاتە 20 نەخۆش، ڤاکسینی تایبەتی دژەگرێ شێرپەنجەییەکان وەربگرن.

گینزبۆرگ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی "Gazeta"ـی رووسی گوتی: "ئێمە بە کردەیی پلانی ئەوەمان هەیە تا کۆتایی ئەمساڵ، 20 نەخۆش بە بەکارهێنانی ڤاکسینە نوێیەکەی رووسیا لە پەیمانگای هێرزن بۆ توێژینەوەکانی شێرپەنجە و گرێکان کە سەر بە سەنتەری نیشتمانیی توێژینەوە پزیشکییە تیشکییەکانی وەزارەتی تەندروستیی رووسیایە، چارەسەر بکەین."

پێشتر، سەنتەری نیشتمانیی توێژینەوە پزیشکییە تیشکییەکانی وەزارەتی تەندروستیی رووسیا، ڤاکسینی mRNAـی دژەشێرپەنجەی "نیو ئۆنکۆ ڤاک" (NEOONCOVAC) کە بۆ چارەسەری کەسیی شێرپەنجەی پێست (میلانۆما) دیزاین کراوە، بە نەخۆشێکی تووشبوو بە شێرپەنجەی پێست دابوو.

بەڕێوەبەری زانستیی سەنتەری گامالیا ئاماژەی بەوەش کرد، نەخۆشی یەکەم قۆناخی چارەسەرەکەی تەواو کردووە و ئێستا مانگانە چاودێری دەکرێت؛ گوتیشی کە خانە شێرپەنجەییە گوازراوەکان لە جەستەی نەخۆشەکەدا دوای وەرگرتنی چارەسەرەکە نەماون و ماوەی چوار مانگە هیچ گرێیەکی نوێی تێدا دەرنەکەوتووە، بڕیاریشە بۆ ماوەی سێ ساڵی دیکە چاودێریی دۆخی تەندروستیی بکرێت. هاوکات ئاشکرای کرد کە پێنج نەخۆشی دیکەش دەستیان بە وەرگرتنی چارەسەر بە ڤاکسینە نوێیەکە کردووە.

گینزبۆرگ ئەوەشی خستە روو: "وەزارەتی تەندروستیی رووسیا بڕە پارەیەکی زۆری تەرخان کردووە نەک تەنیا بۆ چارەسەرکردنی 120 کەس لە ئەمساڵ و ساڵی داهاتوودا، بەڵکو بۆ چاودێریکردنی دۆخی تەندروستیشیان"، جەختیشی کردەوە کە ئەو بڕە پارەیە بەشی چاودێریکردنی هەموو ئەو 120 نەخۆشە دەکات کە چارەسەرەکە وەردەگرن.

ڤاکسینی "نیو ئۆنکۆ ڤاک" بە هاوبەشی لە نێوان سەنتەری بلۆخینی رووسی بۆ توێژینەوەکانی شێرپەنجە و سەنتەری گامالیا پەرەی پێدراوە و لە سەنتەری نیشتمانیی توێژینەوە پزیشکییە تیشکییەکانی سەر بە وەزارەتی تەندروستیی رووسیا بەرهەم دەهێنرێت، هەروەها وەزارەتی تەندروستی لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا رەزامەندیی لەسەر بەکارهێنانی دەرمانەکە لە بواری کلینیکیدا داوە.