تەندروستیی هەولێر: سیستەمی پزیشکی خێزانی سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر رایدەگەیەنێت، سیستەمی پزیشکی خێزانی لە هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بووە لە بەدیهێنانی ئامانجەکانیدا، ئاشکراشی دەکات کە لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا تەنیا لە بنکەی تەندروستیی شەهید نازدار بامەڕنی چارەسەر بۆ زیاتر لە حەوت هەزار نەخۆش کراوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی و نزیککردنەوەی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکان لە هاووڵاتییان، بنکەی تەندروستیی خێزانی وەک یەکەی بنەڕەتی و دەروازەی سەرەکیی چاودێریی تەندروستیی سەرەتایی لە هەرێمی کوردستان ناسێنراوە.
ئامانج لە پەیڕەوکردنی ئەم سیستەمە، دابینکردنی خزمەتگوزارییەکی گشتگیر و بەردەوامە بۆ خێزانەکان، بە شێوەیەک کە گوشاری سەر نەخۆشخانە گشتییەکان کەم بکاتەوە و پشتبەستن بە بنەمای پزیشکی خێزانی بەهێزتر بکات.
تەندروستیی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات کە "بنکەی تەندروستیی شەهید نازدار بامەڕنی" نموونەیەکی سەرکەوتووی ئەو پڕۆژەیەیە، کە لە ماوەی 10 مانگی رابردوودا ئەم خزمەتگوزارییانەی پێشکەش کردووە:
- بینینی نەخۆش: (7,388) چارەخواز سەردانی بنکەکەیان کردووە و پشکنین و چارەسەری پێویستیان بۆ کراوە.
- کوتان: پێدانی (7,177) پێکوتە لە سەرجەم جۆرەکان بە مەبەستی بەرگریکردن لە نەخۆشییەکان.
- شیکاری تاقیگەیی: ئەنجامدانی (2,911) شیکاریی تاقیگەیی جۆراوجۆر بۆ نەخۆشەکان.
- بەشی ددان: پێشکەشکردنی چارەسەری پزیشکی بۆ (1,321) چارەخواز.
- پشکنینی سۆنەر: گرتنی (522) وێنەی سۆنەر بۆ سەردانیکاران.
- چاودێریی دایکانی دووگیان: دابینکردنی چاودێری و بەدواداچوونی تەندروستی بۆ (402) دایکی دووگیان.
- رێکخستنی خێزان: سوودمەندبوونی (167) هاووڵاتی لە خزمەتگوزارییەکانی ئەم بەشە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، تەندروستیی هەولێر جەخت دەکاتەوە کە ئەم ئامارانە سەلمێنەری ئەوەن کە بنکە تەندروستییە خێزانییەکان لە هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بوون لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پێویست و پاراستنی تەندروستیی کۆمەڵگە بە شێوازێکی زانستی و رێکخراو.