شاخەوان سەڵاح: ئۆتۆمبێلە مۆدێل کۆنەکان زیاتر مەترسی سووتانیان لەسەرە
K24 – هەولێر:
شارەزایەکی بواری میکانیکی ئۆتۆمبێل، رایدەگەیەیەنێت، هۆکاری سەرەکی سووتانی ئۆتۆمبێل نزمی کوالێتی بەنزینە و کە بەشێک لە بەنزینخانەکان دەستکاری کوالێتییەکەی دەکەن، هاوکات گوتیشی: ئۆتۆمبێلە مۆدێل کۆنەکان زیاتر مەترسی سووتانیان لەسەرە.
شاخەوان سەڵاح، شارەزای بواری میکانیکی ئۆتۆمبێل، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، زۆر جار شۆفێران کەمتەرخەمن و هۆکارن بۆ سووتانی ئۆتۆمبێلەکانیان، هەروەها زۆرجار شۆفێران لە کام بەنزینخانە بەنزین هەرزان بێت لەوێدا بەنزین لە ئۆتۆمبێلەکانیان دەکەن، کە هەموو لایەیک دەزانن ئەو بەنزینانەی کە نرخەکانیان کەمە زۆرجار کوالێتی زۆر خراپە.
هەروەها ئەو شارەزایەی بواری میکانیکی ئۆتۆمبێل راشیگەیاند، ئۆتۆمبێلە مۆدێل کۆنەکان زیاتر مەترسی سووتانیان لەسەرە، ئەوانەی مۆدێلەکانیان لە خوار 2010ـیە.
دەشڵێت: هۆکاری سەرەکی سووتانی ئۆتۆمبێل خراپی کوالێتی بەنزینە، کە زۆرێک لە بەنزینخانەکان دەستکاری کوالێتی بەنزینەکانیان کردووە.
شاخەوان سەڵاح، باسی لەوەشکرد، هۆکارێکی دیکەی سووتانی ئۆتۆمبێل بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شۆفێران گرنگی بە کوالێتی کەلوپەلەکانی ئۆتۆمبێل نادەن، کام کەلوپەل نرخەکەی هەرزان بێت ئەوە دەکڕن و بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان بەکاردەهێنن.
هەروەها ئەو شارەزایەی بواری میکانیکی ئۆتۆمبێل، ئاماژەی بەوەشدا، کێشەیەکی دیکەی گڕگرتنی ئۆتۆمبێل بەستانی فویل پەمپی کوالێتی نزمە، کە فویل پەمەکە زوو گەرم دادێت و لە ئەنجامدا ئاگر دەگرێت.
گوتیشی: "هەندێک جۆری فویل پەمپ کوالێتیان زۆر خراپە و نرخەکانیشیان هەرزانە بۆیە خواستی هاووڵاتییانی لەسەرە، بەڵام بێ ئاگان لەوەی هەرزانی نرخ زۆر جار دەبێتە هۆی کارەسات".
لە ماوەی حەوت مانگی رابردوودا بەپێی داتاکانی بەرگری شارستانی بە ھۆی خراپی کوالێتی بەنزینەوە 186 ئۆتۆمبێل سووتاون و زیانمەندی یەکەمیش شۆفێرانن.
بەشێکی تر لەو کێشانەی کە دەبێتە ھۆی سووتانی ئۆتۆمبێل و لە لایەن بەرگری شارستانیوە تۆمار کراوە، دەستکاریکردنی کارەبایاتی ئۆتۆمبێل و دانانی ئایپاد دەبێتە ھۆی تێکچوونی سیستمی ئۆتۆمبێلەکە و سووتانی.
لەوبارەیەوە نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، هەر بەنزینێک کە دەهێنرێتە هەولێر یاخود لە پاڵاوگەکانی ناوخۆ بهێنرێت بە دڵنیاییەوە پشکنینی بۆ دەکرێت بە پێی ئەو مەرجانەی کە دانراوە، بەڵام بۆ مەبەستی قازانجی زیاتر لە فرۆشتنی دەستکاری کوالێتییەکەی دەکرێت لەلایەن بەشێک لە بەنزینخانەکانەوە.