سوودانی بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا ناکات
K24 - هەولێر
بزووتنەوەی فورات کە محەممەد شیاع سوودانی ئەمینداریتی دەکات، لە راگەیەندراوێکدا بەشدارینەکردنی خۆی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا راگەیاند و دەڵێت: پێمان وایە بەشداری نەکردن لەو هەڵبژاردنانە بژاردەیەکی دروستە، بۆ ئەوەی پشتگیری هەوڵەکانی حکومەت بۆ سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان بکەین.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئێمە باوەڕمان بە چەسپاندنی دیموکراسی لە وڵاتی عێراقدا هەیە، هەروەها لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پارێزگاکان کە بڕیارە کۆتایی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، لە پێناو بەهێزکردنی پرەنسیپی گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات، و بەردەوامیی بەدیهێنانی سەقامگیری سیاسی، کە بە ئیرادەی گەلی عێراق و هێزە چەکدارەکان بە هەموو شێوەکانیانەوە بەدەست هات".
بزووتنەوەی فورات لەو راگەیەندراوەدا دوو خاڵی خستووەتەڕوو لە خاڵی یەکەمدا هاتووە: "بزووتنەوەی فورات، وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی عێراقی کە ئەمینداری گشتی، محەممەد شیاع سوودانی بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانی و مێژوویی لە بەڕێوەبردنی دەستەی دەسەڵاتی جێبەجێکردندا لە ئەستۆ گرت، پێی وایە بەشداری نەکردن لەو هەڵبژاردنانە بژاردەیەکی دروستە، بۆ ئەوەی پشتگیری هەوڵەکانی حکومەت بۆ سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان بکات، ئەوەی کە بزووتنەوەکە لەم قۆناغەدا هەڵیبژاردووە، خۆی تەرخان دەکات بۆ کاری گشتی جەماوەری و هەوڵەکانی لەسەر پشتگیریکردنی رێگاکانی چاکسازی و ئەولەویەتەکانی خزمەتگوزارییە، کە لەلایەن بەرنامەی حکومەتەوە هاتووە".
لە خاڵی دووەمی راگەیەندراوەکەدا بزووتنەوەی فورات دەڵێت: "خۆ بەدوورگرتن لە کێبڕکێی هەڵبژاردن بە مانای بەشدارینەکردنە لە لیستی سێبەر یان هاوشێوەکانی، هەروەها خۆ بەدوورگرتن لە پشتیوانیکردنی هەر پێکهاتە و حزب و ناوێکی سیاسی تر، ئەمەش وامان لێدەکات باشتر بتوانین پشتگیری هەنگاوەکانی حکومەت بکەین لە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە، کە لەگەڵ باوەڕی خەڵکدا دەگونجێت و بە شێوەیەکی دیموکراسیانە بڕیارەکانیان دەرببڕن، هەروەک سوودانی سەرۆکوەزیران، ئەوپەڕی هەوڵی خۆی دەدات تاوەکو ئەو هەڵبژاردنە سەرکەوتووبێت، بزووتنەوەکەمان لەم ئامانجە دوور ناکەوێتەوە، لە کاتێکدا داوا لە هەموو عێراقییەکان و دەنگدەران و کاندیدەکان دەکەین کە هەموو هەوڵێک بدەن، هەریەکە لە پێگەی خۆیەوە، بۆ ئەوەی ئەم لاپەڕە سپییە لە مێژووی گەلەکەماندا دروست بکات، بەرەو پێشکەوتن و سەقامگیری و دامەزراندنی عێراقێکی بەهێز".
