هەردوو دەزگای خێرخوازی بارزانی و "LDS" بارودۆخی مرۆیی کوردستان و عێراقیان تاووتوێ کرد
K24 – هەولێر:
شاندی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سەردانی سەرۆکی دەزگای خێرخوازی "LDS"ـی ئەمەریکییان کرد و هەردوولا پەیوەندی هاوبەشی نێوانیان و بارودۆخی کوردستان و عێراقیان تاووتوێ کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە (9ـی ئابی 2023)، دەزگای خێرخوازی بارزانی راگەیاندراوێکی بڵاوکردوەتەوە کە تێیدا هاتووە، بە سەرۆكایەتیی موسا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هەریەك لە ئاوات مستەفا و كارزان نووری ئەندامانی دەستەی كارگێریی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، سەردانی سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی"LDS"ـی ئەمەریكییان كرد و لەلایەن شارۆن یوبانگ و تیمی بەڕێوەبەرانی دەزگای خێرخوازیی"LDS" پێشوازییان لێ کرا.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە دانیشتنەکەیاندا پەیوەندیی هاوبەشی نێوان هەردوولا و بارودۆخی مرۆیی هەرێمی كوردستان و عێراق تاوتوێ كرا.
باس لەوەشکرا، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە هاوبەشیكردنی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی"LDS"ـی ئەمەریكی و جەختی لەوە كردەوە، كە ئەو دەزگایە یەكێكە لە باشترین هاوبەشانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی.
لە راگەیاندراوەکە دەزگای خێرخوازی بارزانی، ئەوەشی خستەڕوو، شارۆن یوبانگ، سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی"LDS" گوتی: "دەزگای خێرخوازیی بارزانی یەكێكە لە باشترین هاوبەشەكانی"LDS" لە سەرتاسەری دونیا كە توانیویەتی كاریگەرییەكەی تەواوی لەسەر ژیانی خەڵكی كەم دەرامەت و هەژاران هەبێت و هەزاران خەڵكی رزگار كردووە".
