دەزگای مینی هەرێم و فەرمانگەی کاروباری مینی عێراق، پلانی ستراتیژی خۆیان بۆ ساڵانی 2023 تاکو 2028 تاووتوێ کرد

K24 – هەولێر:
شاندێکی باڵای دەزگای گشتی کاروباری مینی هەرێمی کوردستان بەشداریان کرد لە ئاهەنگی راگەیاندنی پلانی ستراتیجی نیشتیمانی بەرنامەی کاروباری مینی عێراق، لە رێورەسمەکەدا پلانی ستراتیژی خۆیان بۆ ساڵەکانی 2023 تاکو 2028 تاووتوێ کرد.
ئەمڕۆ چوارشەممە (9ـی ئابی 2023) دەزگای گشتی کاروباری مینی هەرێمی کوردستان، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە، بەسەرۆکایەتی نیازی خالد، جێگری سەرۆکی دەزگای گشتی کاروباری مین و شاندی یاوەریان، بەشداریان کرد لە ئاهەنگی راگەیاندنی پلانی ستراتیجی نیشتیمانی بەرنامەی کارووباری مینی عێراق کە لە شاری بەغداد بەڕێوەچوو.
ئاماژە بەوەشکرا، رێورەسمەکە لەژێر چاودێری سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەئامادەبوونی وەزیری ژینگەی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومی و ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و نوێنەرانی ووڵاتەکانی کۆمەک بەخش "دۆنەر" و رێکخراوە بیانیەکانی کاروباری مین لە عێراق بەڕێوەچوو، لە رێورەسمەکەدا پلانی ستراتیجی بۆ ماوەی ساڵانی 2023 بۆ 2028 خرایەڕوو کەلەلایەن دەزگای گشتی کاروباری مینی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی کاروباری مینی عێراق ئامادەکرابوو.
نیازی خالید جێگری سەرۆکی دەزگای مینی هەرێم تایبەت بە کوردستان24ی رایگەیاند، لەرابردوودا توانیویانە %60ـی خاکی هەرێمی کوردستان لە مین پاکبکەنەوە.
راشیگەیاند، نزیکە 250 ملیۆن مەتر دووجا لەهەرێمی کوردستان هێشتا مینڕێژن و بەهۆی سەختی شوێنەکانەوە پاکردنەوەیان کاتێکی زۆری دەوێت.
لەلاین خۆیەوە، نزار ئامێدی وەزیری ژینگەی عێراق، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، جێگەی داخە عێراق پلەکانی پێشەوە لەڕووی پیسبوونی ژینگەکەی بەمین گرتووە.
باسی لەوەشکرد، رێژەی پیسوونی ژینگەی عێراق بە مین کە دەزگای مین لەسەرەتای دامەزراندییەوە تۆماریکردووە شەش هەزار و406 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە.
وەزیری ژینگەی عێراق، روونیکردەوە، توانیویانە سێ هەزار و 767 کیلۆمەتر لە مین پاکبکەینەوە و لە ئێستادا کار لەسەر پاکردنەوەی چوارسەد و 90 کیلۆمەتری چوارگۆشە دەکەن، کەوایە ئەوەی ماوە پاکبکرێتەوە دووهەزار و 149 کیلۆمەتری چوارگۆشەیە.