نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەبارەی لەناوچوونی وڵاتی سوودان

.
.

K24 - هەولێر

یاریدەدەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ ئەفریقا لە فەرمانگەی کاروباری سیاسی و بنیاتنانی ئاشتی، مارتا ئاما ئاکیا بۆبی، هۆشداریدا لەوەی بەردەوامبوونی شەڕ لە سوودان دەبێتە هۆی "مەترسی زیاتری لە ناوچوونی سوودان"، لەگەڵ زیادبوونی ئەگەرەکانی دەستێوەردانی دەرەکی و هەڵوەشاندنەوەی سەروەری وڵات.

ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش لە نیویۆرک گوێیان لە پوختەیەک گرت کە لەلایەن یاریدەدەری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئەفریقا پێشکەش کرا و گوتی: زیاتر لە 100 رۆژ بەسەر شەڕی سوودان تێپەڕیووە، کە لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەری هەڵداوە، دەشڵێت: شەڕەکە چڕبووەتەوە، بەتایبەتی لە خەرتوم، بەحری، ئوم درمان و ناوچەی دارفور، بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێک بتوانێت سەرکەوتن یان هیچ دەستکەوتێکی گەورە بەدەستبهێنێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، "خەرتومی پایتەخت تا ئێستا ناوەندی سەرەکی شەڕەکەیە، بەتایبەتی لە دەوروبەری دامەزراوە سەرەکییەکانی سوپا، کە لەنێویاندا بارەگای سەرەکی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی تێدایە، بۆبی، پشتڕاستی کردەوە، کە ئەو دوو لایەنە ئازارێکی زۆریان بەسەر هاوڵاتیانی مەدەنیدا هێناوە لە دارفور. هەروەها توندوتیژی دڕندانە لە شارەکانی ئەلجنین و سربا".

بۆبی دۆخی ویلایەتی کۆردۆفان و نیلی شین بە ناسک وەسف کرد، چونکە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان هێشتا لە باکووری کۆردۆفان بەردەوامن، کە هێزە چەکدارەکان کۆنترۆڵی شاری ئەلعوبێد دەکەن لە کاتێکدا هێزەکانی پشتیوانی خێرا ناوچەکانی دەوروبەری شارەکە کۆنتڕۆڵ دەکەن، لە کاتێکدا کە هێزەکانی سوپا ئازادی گەلی سوودان پێشدەخەن.

راشیگەیاند، ناوچەکانی رۆژهەڵات هێشتا تاڕادەیەک ئارامن، بەڵام باسی لە جوڵانەوەکانی پشتیوانی لە هێزە چەکدارەکان لەگەڵ دامەزراندنی کەمپی مەشقکردنەکان کرد، هەروەها نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە مەترسی ئەوەی رۆژهەڵات بخرێتە ناو ململانێکانەوە.

ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی: ململانێکانی سوودان بەردەوامە و لێکەوتەی گەورەی بۆ وڵاتەکە و گەلەکەی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، کە رووبەڕووی ئازارێک دەبنەوە وەسف ناکرێت، ئاماژەی بەوەشکرد، پێداویستییە مرۆییەکان رۆژ بە رۆژ لە خراپ بووندان، هەروەها هێرشەکان بێ جیاوازی و هەندێکجاریش بە ئامانج بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و دامەزراوەکان و ژێرخانی مەدەنی بەردەوامن، بەتایبەتی لە خەرتوم و دارفور و باکووری کۆردۆفان.

بۆبی باسی لەوەشکرد، هەبوونی توندوتیژی سێکسی، بەتایبەت منداڵان کە بەردەوامن لە رووبەڕووبوونەوەی کوشتن، قوربانیدان، یان مەترسی وەرگیران لە بەرەکانی شەڕدا، ئەمە جگە لە گرتن و کوشتنی بەرگریکارانی مافی مرۆڤ، داواشی لە لایەنەکان کرد رێوشوێنی کۆنکرێتی بۆ راگرتن و لێکۆڵینەوە لەم پێشێلکاریانە بکەن.

 نوێنەرایەتی پشتیوانی ئینتقالی یەکگرتووی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوودان دەڵێت: "دەبێت دوژمنایەتییەکان لە وڵاتەدا بوەستن و ئەوانەی بەشدارن دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت لەسەر ئەو تاوانانەی کە ئەنجامدراون، لەنێویاندا توندوتیژی سێکسی".

​ بۆبی پێشوازی لە هەوڵەکانی یەکێتی ئەفریقا و رێکخراوی نێوان حکومەتەکان بۆ گەشەپێدان (IGAD) کرد بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان لە سوودان، پابەندبوونی یونیتامسی دووپاتکردەوە بۆ پشتگیریکردنی ئەم هەوڵانە، بە تایبەتی هەوڵەکانی سعوودیە و ئەمەریکا.