سه‌رۆكی به‌رازیل: رێگه به داگیركاری سه‌وز ناده‌ین و گوێ له وڵاتانی پیشه‌سازی ناگرین

K24 - هەولێر:
سه‌رۆكی به‌رازیل رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ر جۆره ئامۆژگاری و گوتارێكی وڵاتانی پیشه‌سازی سه‌باره‌ت به پاراستنی ژینگه ره‌تده‌كاته‌وه، هاوكات ده‌ڵێت، وڵاتی پیشه‌سازی له هه‌وڵی سه‌پاندنی داگیركارییه‌كی نوێی سه‌وزن.
لویس ئیناسیۆ لۆلا دا سیلڤا، سه‌رۆكی به‌رازیل رایده‌گه‌یه‌نێت، هه‌رگیز "داگیركاری نوێی سه‌وز"ـی وڵاتانی پیشه‌سازی جیهان قبووڵ ناكه‌ن، كه به نیازن له‌و رێگه‌یه‌وه و به پاساوی پاراستنی ژینگه و به‌لاوه‌نانی بنه‌ما و سیاسه‌ته نیشتمانییه‌كانی به‌رازیل و وڵاتانی دیكه به‌ربه‌ستی بازرگانی دابنێن و رێككاری جیاكاری به‌رامبه‌ریان بگرنه‌به‌ر.
سه‌رۆكی به‌رازیل هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، وڵاتانی پیشه‌سازی گوتاره‌كانیان كه له شێوه‌ی ئامۆژگاری ئاراسته‌ی وڵاتانی ناپیشه‌سازی ده‌كه‌ن، گوتارێكی ره‌تكراوه‌یه و به هیچ شێوه‌یه‌ك قبووڵی ناكه‌ن.
پێشتر به‌رازیل ره‌خنه‌ی لەو بەیاننامە زیادەیە گرتبوو، کە برۆکسل داوای کردبوو سەبارەت به بازرگانی ئازاد له‌نێوان یەکێتی ئەوروپا و هاوپەیمانی بازاڕی هاوبه‌شی باشووری ناسراو به مێرکۆسۆر (Mercosur) رێككه‌وتن بكرێت.
لۆلا دا سیلڤا له به‌رامبه‌ردا رایگه‌یاندووه، هه‌ر جۆره داواكارییه‌كی له‌م شێوه‌یه سه‌باره‌ت به كه‌شوهه‌وا و ژینگه و مافه‌كانی مرۆڤ، ده‌ستوه‌ردانی راسته‌وخۆیه له كاروباری وڵاتانی مێركۆسۆر كه پێكدێت له هه‌ریه‌ك له به‌رازیل، ئه‌رژه‌نتین، پاراگوای و ئۆرۆگوای. هه‌روه‌ها سه‌رۆكی به‌رازیل داوای له وڵاتانی پیشه‌سازی كرد به‌شدارییه‌كانیان سه‌باره‌ت به پاراستنی ژینگه و كه‌شوهه‌وا پێشكه‌ش بكه‌ن.
رۆژی (سێشه‌ممه 8ـی ئابی 2023) لووتكه‌ی نوێنه‌رانی هه‌شت وڵاته‌كه‌ی ئه‌ندامی رێكخراوی په‌یماننامه‌ی هاریكاری له ناوچه‌ی ئه‌مازۆن و بۆ ماوه‌ی دوو رۆژ به‌ڕێوه‌چوو.
هه‌ر یه‌ك له لویس ئیناسیۆ لۆلا دا سێلڤا، سه‌رۆكی به‌رازیل و سه‌رۆكانی پۆلیڤیا، كۆڵۆمبیا، گیانا، پیرۆ و ڤه‌نزوێللا و وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ئیكوادۆر و سۆرینام ئاماده‌ی كار و چالاكییه‌كانی لووتكه‌كه بوون.
له‌وباره‌یه‌وه سه‌رۆكی به‌رازیل له‌میانی ئاهه‌نگێكی فه‌رمی كه له شاری سانتاریم له نزیك ئه‌مازۆن به‌ڕێوه‌چوو، رایگه‌یاند، له‌سه‌ر هه‌مووان پێویسته ئه‌مازۆن بپارێزن، گوتیشی؛ ئه‌مازۆن نه‌ك هه‌ر سه‌رچاوه‌ی فێربوونی زانایانه له سه‌رتاسه‌ری جیهان، به‌ڵكو ده‌بێت هه‌وڵ بۆ پاراستنی گیان و ژیانی ئه‌وانه‌ش بدرێت كه له دارستانه‌كانی ئه‌مازۆندا ده‌ژین.
له‌لای خۆیه‌وه مارینا سێلڤا، وه‌زیری ژینگه‌ی به‌رازیل رایگه‌یاند، ناكرێت رێگه به‌وه بدرێت ئه‌مازۆن بگاته خاڵێك كه توانای گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ دۆخی ئاسایی خۆی نه‌بێت، گوتیشی ئه‌گه‌ر ئه‌مازۆن بگاته ئه‌و خاڵه رێژه‌یه‌كی زیاتر له هه‌ڵمژین كاربۆن ده‌رده‌دات ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی زیاتری دیارده‌ی گه‌رمبوونی هه‌ساره‌ی زه‌وی.
لۆلا داسیلڤا بە گەڕانەوەی بۆ سەر دەسەڵات لە مانگی كانوونی دووه‌می ئه‌مساڵدا، بەڵێنیدا تا ساڵی 2030 کۆتایی بە بڕینه‌وه‌ی دارستانی ئه‌مازۆن بهێنێت، کە لە سەردەمی جایر بۆلسۆنارۆی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد.
هاوپه‌یمانی بازاڕی هاوبه‌شی باشوور "Southern Common Market" ناسراو به (Mercosur) ساڵی 1990 دامه‌زراوه و ئه‌ندامانی بریتین له به‌رازیل، ئه‌رژه‌نتین، پاراگوای و ئۆرۆگوای، به‌ڵام هه‌ریه‌ك له ڤه‌نزوێللا و پۆلیڤیا تا ئێستا ئه‌ندامی ناتهواوهتی هاوپهیمانیهتییهكهن. ئامانج له دروستكردنی ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌تییه بریتییه له به‌یه‌كه‌وه‌به‌ستنه‌وه‌ی ئابووری ئه‌و وڵاتانه بهیهكدییهوه به‌مه‌به‌ستی پێكهێنانی رایهڵهكی بازرگانی هاوبه‌ش.