پۆلیسی ئەڵمانیا داوا لە هاووڵاتییان دەکات هاوکاری "پەکەکە" نەکەن

K24 – هەولێر:

پۆلیسی ئەڵمانیا لە راگەیاندراوێکدا، داوا لە هاووڵاتییانی ئەڵمانیا دەکات خۆیان لە رێکخراوی تیرۆرستی پەکەکە بەدوور بگرن و هاوکاری داراییان پێشکەش نەکەن.

پۆلیسی وڵاتی ئەڵمانیا، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە،" کاسبکارانی خۆشەویست، "پەکەکە" لە ئەڵمانیا وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی پۆلێن کراوە، هەروەها ئەڵمانیا کار دەکات بۆ پاشەکشەپێکردنی دارایی رێکخراوی تیرۆریستیی "پەکەکە".

باس لەوەشکراوە، بە گشتی پۆلیسی ئەڵمانیا بەدوای ئەو کەسانەدا دەگەڕێن کە بڕە پارەیەک بۆ پشتیوانی بە پەکەکە دەدەن، لە راستیدا ئەو پارەیەی کە کۆدەکرێتەوە، بۆ شەڕ بەکاردەهێنرێت، کە تێیدا خەڵکێکی زۆر بریندار دەبن تەنانەت گیانیش لەدەست دەدەن.

هەروەها لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، "دەکرێ سەردانی تۆی هاووڵاتییش بکرێت و داوای پارەت لێ بکەن، ئەگەر ئەمە ئەنجام نەدەیت لەوانەیە ببێتە هۆی هەڕەشەکردن لێت. لە ئەنجامدا دەکرێت تاوانباران بە چەندین شێوە دادگایی بکرێن، بۆ نموونە پاڵپشتیکردنی رێکخراوێکی تیرۆریستی لە دەرەوەی وڵات، هەڕەشەکردن، ناچارکردن یان پێشێلکردنی یاسا".

ئاماژە بەوەشکراوە، بە پێدانی بڕە پارەیەک بە "پەکەکە" خۆتان مەخەنە بەر لێپێچینەوەی یاسایی، دووپاتیشی دەکاتەوە، "ئەگەر ئێوەش کاریگەریی ئەم داواکاریانەی پارەدانتان لەسەرە، بەپەلە داواتان لێ دەکەین پابەندنەبن بە داواکاری پارەدان".