یەکێتی ئەوروپا بڕی هاوکارییەکانی ئۆکرانیای لە ماوەی شەش مانگی ئەمساڵدا ئاشکرا کرد

بارەگای کۆبوونەوەکانی یەکێتی ئەوروپا
بارەگای کۆبوونەوەکانی یەکێتی ئەوروپا

K24 - هەولێر

یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، کە لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا 223.8 هەزار تۆپ و 2.3 هەزار مووشەکی رادەستی ئۆکرانیا کردووە، کە بەهای کۆی گشتی یەک ملیار و 100 ملیۆن یۆرۆیە.

پیتەر ستانو، گوتەبێژی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا پشتڕاستی کردەوە، کە یەکێتییەکە 223 هەزار و 800 گوللـە تۆپی دوور مەودا و تەقەمەنی هاوەن و دوو هەزارو 300 مووشەکی جۆراوجۆری بۆ ئۆکرانیا گواستووەتەوە، ئەمەش وەک بەشی یەکەمی پلانەکەیە لەکۆی دابینکردنی یەک ملیۆن گوللـە تۆپ.

27  وڵاتانی ئەندام رێککەوتن لەسەر پلانێک بە بەهای 2 ملیار یۆرۆ، بۆ بەرزکردنەوەی کۆگاکان و پێشکەشکردنی داواکاری هاوبەش بۆ کڕینی مووشەک، ئەمەش بۆ رادەستکردنی یەک ملیۆن مووشەکە بۆ ئۆکرانیا لە ماوەی 12 مانگدا.

بەڵام بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەم دەرئەنجامەی ئەمڕۆ راگەیەندرا، وا دەکات ئەندامانی ئەو وڵاتانە دوور بن لە ئامانجەکەیان کە تا بەهاری داهاتوو ملیۆنێک گوللـە دابین بکەن، بەو پێیەی زۆرێک لە ولاتانی یەکێتیەکە لە مانگی شوباتدا پرسیاریان لە توانای دابینکردنی ئەم بڕە تەقەمەنییە دەکرد.

یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە لە مانگی شوباتی ٢٠٢٢ەوە نزیکەی ٢٠ ملیار یۆرۆیان خەرجکردووە بۆ دابینکردنی چەک بە هەموو جۆرەکانی ئۆکرانیا، لەکاتێکدا ئەمریکا تا ٢٥ی تەمموز زیاتر لە ٤٣.٧ ملیار دۆلاری بۆ هاوکاری ئەمنی بۆ... ئۆکرانیا، بە پێی ڕاپۆرتی پنتاگۆن.

پێنجشەممەی رابردوو کۆشکی سپی داوای 13 ملیار دۆلاری دیکەی لە کۆنگرێس کرد بۆ ئەوەی پاڵپشتی سەربازی زیاتر بۆ ئۆکرانیا دابین بکات، لەو بارەوە، رێکخەری پەیوەندییە ستراتیژییەکان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا، جۆن کیربی رایگەیاند، واشنتن هەموو ئەو شتانەی داوەتە ئۆکراینییەکان کە داوای کردووە بۆ هێرشی پێچەوانە، بەڵام ئەم هێرشە بە خێراییەکی خاوتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا ئەنجام دەدرێت.

لەمانگی شوباتی ساڵی رابردوو، رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و رووبەرێکی زۆری ئەو وڵاتەی داگیر کرد و تاوەکو ئێستاش شەڕو پێکدادان لەنێوان هەردوولا بەردەوامە.