ژمارەی کوژراوانی سەربازانی سووریا بەرزبووەوە بۆ 33 کەس
K24 - هەولێر
بەپێی ئامارەکانی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ژمارەی کوژراوانی ئەو هێرشەی داعش کە کردبوویە سەر پاسێکی سەربازیی سووریا لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە، بۆ 33 کەس بەرزبووەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، بەهۆی دۆخی ناجێگیری بریندارەکانی سەربازانی سووریا لە هێرشەکەی داعش، هێشتا پێشبینی دەکرێت ژمارەی کوژراوان بەرزبێتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرنشینانی دوو پاس لە هێرشە خوێناوییەکە ڕزگاریان بووە توخمەکانی ڕێکخراوەکە.
روانگە ئاماژەی بەوەشکردووە، چەکدارانی داعش لانیکەم پاسێکی سەربازییان لە بیابانی مەیادین لەسەر رێگای دێرەزور - حومس کردۆتە ئامانج، کە ئەو هێرشە لە ساڵی 2023دا، بە توندوتیژیترین هێرش دادەنرێت لە سووریا.
سەرچاوەیەکی سەربازی هێرشەکەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی سانای سووریا، پشتڕاستکردەوە و گوتی: ژمارەیەک سەرباز کوژراو و برینداربوون.
بەگوێرەی راگەیەندراوەەکەی روانگە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ژمارەی کوژراوانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی سووریا گەیشتووەتە 412 کەس.
ناوچەکانی بیابانی باشوور و رۆژهەڵاتی دێرەزۆر بوونەتە پەناگە بۆ چەکدارانی داعش، لەگەڵ رێگای دیمەشق- دێرەزۆر، باشووری رۆژئاوای دێرەزور.