ئیسرائیل: سیخورێکی ئێرانیمان دەستگیرکرد

ئەو قوتووە کلێنکسەی کە بەنیازبووە بۆ کاری سیخووری بەکار بهێنرێت
ئەو قوتووە کلێنکسەی کە بەنیازبووە بۆ کاری سیخووری بەکار بهێنرێت

K24 - هەولێر

ئیسرائیل رایگەیاند، هەوڵێکی سیخوڕی ئێرانییان پووچەڵ کردووەتەوە، کاتێک جوولەکەیەکی ئێرانییان دەستگیرکردووە، کە بۆ شاردنەوەی ئامێرێکی چاودێری قوتوی کلێنکسی بەکارهێناوە.

دەزگای ئاسایشی گشتی ئیسرائیل رایگەیاندووە، "ئەو کەسە یەهودییە ئێرانییە، کە کەسوکاری لە ئیسرائیل هەیە، لە کاتی لێکۆڵینەوەدا لە فڕۆکەخانەی بن گوریۆن دانی بەوەدا ناوە کە پێشتر هاتووە بۆ سیخوڕیکردن لەسەر ئامانجە ئیسرائیلییەکان بۆ بریکارە ئەمنییەکانی ئێران، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو کەسە کە مۆبایل و ئامێری بارگاویکردنەوەی مۆبایل و پارەی پێبووە، هەروەها رێگری لە چوونە ژوورەوەی کراوە و دیپۆرت کراوەتەوە بۆ ئێران".

گوتیشی: ئەم رووداوە بەشێکە لە هەوڵێکی بەرفراوانی ئێران بۆ دامەزراندنی تۆڕی سیخوڕی و تیرۆریستی لە ئیسرائیل.

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە بۆچی تۆمەتبارەکە لە بری لێپێچینەوە لەگەڵیدا دیپۆرت دەکرێتەوە، بەرپرسێک بە رۆیتەرزی راگەیاندووە، کە پێی وایە ئەو کەسە لە ژێر فشاردا مامەڵە دەکات و پارە پاڵنەرێکە بۆ ئەوەی ئەو کارە بکات، ئەمە جگە لە رەچاوکردنی گرەوی دیکە.

ئەو بەرپرسە راشیگەیاند، ئەو رێگایە یاساییە و کەمێک دەتوانرێت جێبەجێ بکرێت، چونکە تۆمەتبارەکە هاووڵاتی ئیسرائیل نییە.

کۆنگرەی جیهانی جوولەکەکان لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، لە سەروبەندی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1979دا، نزیکەی 80 هەزار جولەکە لە ئێراندا هەبوون، بەڵام لەو کاتەوە زۆربەیان وڵاتەکەیان بەجێهێشتووە، تاوەکو ئێستاش پێدەچێت گەورەترین کۆمەڵگەی جوولەکەکان بێت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دەرەوەی ئیسرائیل.