سەرکردەیەکی هاوپەیمانی سیادە: پشت بە سەرژمێری 1957 دەبەستین

ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردە لە هاوپەیمانی سیادە
ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردە لە هاوپەیمانی سیادە

K24 – هەولێر:

ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردە لە هاوپەیمانی سیادە، رایدەگەیەنێت، "خواستمان ئەوەبوو کە یەک لیست و یەکگرتوو بین بەڵام رووینەدا، ئێستا هاوپەیمانی کارێکی قورسە چونکە سەرکردەکان لە دید و بۆچوویان ناکۆکن". هاوکات دەشڵێت: دوای هەڵبژاردن بە یەک ئاراستە کار دەکەین.

ئیسماعیل حەدیدی، سەرکردە لە هاوپەیمانی سیادە، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دوا هەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24، رایگەیاند، ئێمە بڕیارماندابوو بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دوو هاوپەیمانی پێکبهێنین بۆ ئەوەی دەنگەکانمان بەفیڕۆ نەچێن، هاوپەیمانی عەرەبی و هاوپەیمانی قیادە یەک بۆچوون و یەک دیدگایان رەنگە هەبێت، پێمانوایە جیوازییەکی ئەوتۆیان نییە و یەک ئاراستەی کارکردنیان هەیە.

هاوکات راشیگەیاند، تەواوی لایەنەکان عەرەبیەکان لە چوارچێوەی ئەو دوو هاوپەمانیتیەن، راستە سەرکردەکان دید و بۆچوونیان جیاواز بوو تاڕادەیەکیش ناکۆکبوون، بەڵام پێکهێنانی دوو هاوپەیمانی لە بەرژەوەندی عەرەبەکانە لە کەرکووک بۆ ئەوەی دەنگەکانیان بەفیڕۆ نەچێت و بتوانن زۆترین کورسی ئەنجوومەنی پاریزگای کەرکووک زامن بکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، بە دڵنیاوە دوای هەڵبژاردن دەبینەوە یەک لیست و یەکدەگرینەوە بە یەک ئاراستە کار دەکەین.

ئەو سەرکردەیەی هاوپەیمانی سیادە، دەشڵێت: ئێمە پشت بە سەرژمێری 1957 دەبەستین ناکۆکیمان نییە لەسەر ئەم بابەتە، هەروەها نابێت ئەو کەسانەی دوای 1957 هاتوونەتە کەرکووک لە دەنگدان بێبەش بکرێن

گوتیشی: بە ئیرادەیەکی بەهێز لەم هەلىژاردنە بەشدار دەبین و رێز لە ئەنجامی هەڵبژاردنیش دەگرین.

ئەمڕۆ شەممە 12/8/2023، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبووەوە و گوتی: "لەپێناو گەیشتن بەو راستییەی کێ نەوەی رەسەنی شاری کەرکووک و پێکهاتەی رەسەکانی کەرکووکن".

گوتیشی: "گەیشتووینەتە ئاستێک کە رێکارێک بۆ جیاکردنەوەی پێکهاتە و دانیشتوانە رەسەنەکەی کەرکووک دابینێن. بەندێکی گرنگمان جێگیرکردووە ئەویش بەوەی سەرژمێری ساڵی 1957 بکەینە بنەما بۆ ئەوەی روونیبکەینەوە کێ نەوەی رەسەنی کەرکووکە، بەتایبەتی ئەم سەرژمێرییە دەگەڕێتەوە بۆ پێش سیاستەکانی بەعەرەبکردن، ئەمە گرنگە بۆ دەرخستنی ئەو کەسانەی دوای 2003 و 2015 هاتوونەتە کەرکووکەوە، هەربۆیە گەر ئەوان لە بەڵگەنامەی سەرژمێری ساڵی 1957 نەبن ناتوانین وەک هاووڵاتی کەرکووک هەژمار بکرێن".

بڕیارە لە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق جگە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت.

لەو هەڵبژاردنەدا،  23 ملیۆن و 367 هه‌زار و 81 كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی 15 پارێزگای عێراق بە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەواوە، هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و هەشت بنکەی ده‌نگدان کە 47 هەزار و 655 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.