ئەمەریکا و ژاپۆن لەسەر پەرەپێدانی مووشەکی هایپەرسۆنیک رێککەوتن

مووشەکی ڕێگریکەر(هایپەرسۆنیک)
مووشەکی ڕێگریکەر(هایپەرسۆنیک)

K24 - هەولێر

رۆژنامەیەکی ژاپۆنی رایگەیاند، ژاپۆن و ئەمەریکا لەم هەفتەیەدا رێکدەکەون لەسەر پەرەپێدانی مووشەکی هایپەرسۆنیک "رێگریکەر"، بۆ بەرپەرچدانەوەی چین و رووسیا و کۆریای باکوور.

رۆژنامەی یۆمیوری ژاپۆنی بڵاویکردووەتەوە، ئامانجی رێککەوتنەکە، کە پێشبینی دەکرێت رۆژی هەینی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لەگەڵ فومیۆ کیشیدا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لە ئەمەریکا کۆببێتەوە، باس لەپەرەپیدانی ئەو چەکانە بکرێت کە بۆ خۆدزینەوە لە بەرگرییە مووشەکییە دژە بالیستییەکانی ئێستا دروستکراون.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بایدن و کیشیدا لە پەراوێزی لوتکەی سێ قۆڵیەکەدا لەگەڵ یۆن سۆک یول سەرۆکی کۆریای باشوور لە هاوینەهەواری سەرۆکایەتی لە کامپ دەیڤید لە ویلایەتی میریلاند کۆدەبنەوە.

ئەمەریکا و ژاپۆن لە مانگی یەکدا لە کۆبوونەوەی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا لەگەڵ هاوتا ژاپۆنییەکانیان، وەزیری دەرەوە یۆشیماسا هایاشی و وەزیری بەرگری یاسوکازو هامادا، رێککەوتن لەسەر پەرەپێدانی مووشەکی رێگریکەر، گوتیشی: ئەم رێککەوتنە دەبێتە دووەم هاوکاری لە بواری تەکنۆلۆژیای بەرگری مووشەکیدا.

واشنتن و تۆکیۆ مووشەکێکی دوور مەودایان دروستکردووە بۆ بە ئامانجگرتنی موشەکە بالیستییەکان لە بۆشایی ئاسماندا، ژاپۆنیش لە سەر کەشتییە جەنگییەکان لە دەریای نێوان ژاپۆن و نیمچە دوورگەی کۆریادا جێگیری دەکات بۆ پاراستنی لە مووشەکەکانی کۆریای باکور.