سوودان... بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە 100 کەسی سڤیل کوژران
K24 - هەولێر
لە باشوور ویلایەتی دارفۆر لە سوودان دوای شەڕێکی عەشایەری، نزیکەی 100 کەس کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون.
یەکێک لە بەرپرسەکانی ئیدارەی مەدەنی لە ویلایەتی دارفۆری باشووری سوودان رایگەیاند، ماوەی چەند رۆژێکە سێ شەڕ لە ویلایەتی دارفۆر بەڕێوەدەچێت، گوتیشی: رووبەڕووبوونەوەکانی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە نیالای پایتەختی ویلایەتەکە، هەروەها ململانێی نێوان هۆزەکانی بەنی هەلەبە و سەلامات لە ناوچەی عەدلفورسان و ململانێیەکی دیکە لە نێوان هۆزەکانی هەبانیە و سەلامات لە ناوچەی بورام.
شایەتحاڵێک کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە میدیاکانی راگەیاند، لە شەڕی هۆزەکانی نێوان بەنی هەلەبە و سەلامات نزیکەی 80 کەس کوژراون، هاوکات نزیکەی 20 کەسیش لە پێکدادانەکانی نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا کوژراون لە پایتەختی ویلایەتی دارفۆر.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی لە ویلایەتی دارفۆری باشوور روودەدات، ئاماژەیەکی مەترسیدارە کە چەند رۆژێکە بەرەو هەڵکشان دەچێت، هەروەها رەنگدانەوەی ئەوەیە کە لە خەرتومی پایتەخت روودەدات، لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، کە ئەوشەڕە لە 15 نیسانی رابردووەوە سەری هەڵداوە.