هێزی دەریایی ئەمەریکا هۆشداری بە کەشتییەکان دەدات نەچنە ناو ئاوی ئێرانەوە
K24 - هەولێر
هێزی دەریایی ئەمەریکا لە کەنداو هۆشداری داوە بە کەشتییەکانی ناوچەکە کە لە ئاوی ئێران دووربکەونەوە بۆ ئەوەی خۆیان بەدووربگرن لە ئەگەری دەستگیرکردن.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، هۆشدارییەکانی هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا ئەوە نیشان دەدەن کە گرژییەکان لە گەرووی هورمز و دەوروبەری لە ئاستێکی بەرزدان، ئەو شوێنەی کە ئێران لە کۆتایی نیسان و سەرەتای مانگی پێنجدا دەستی بەسەر دوو کەشتی نەوتهەڵگردا گرت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، کە دەنگۆی ئەوە هەبوو واشنتن و تاران رێککەوتنێکیان ئانجام دابێت، لەسەر ئازادکردنی پێنج ئەمەریکی کە لە ئێران دەستگیرکراون، لە بەرامبەر ئەوەی ئەمەریکا رێگە بە کۆریای باشووربدات پارە بلؤککراوەکانی ئێران بە بڕی شەش ملیار دۆلار ئازاد بکات.
تیموسی هۆکینز گوتەبێژی کەشتی پێنجەمی دەریایی ئەمەریکایی، کە لە بەحرێنە گوتی: "یاسای ئاسایشی دەریایی نێودەوڵەتی دەریاوانان لە ناوچەکە ئاگادار دەکاتەوە لە رێوشوێنی پێویست، بۆ کەمکردنەوەی مەترسی دەستگیرکردن لەسەر بنەمای گرژییەکانی ئێستای ناوچەکە کە ئێمە هەوڵی هێورکردنەوەی دەدەین".
دەشڵێت: "دەبێت کەشتیەکان دوور لەئاوەکانی ئێران تێپەڕن بۆ ئەوەی دووربن لە دەستبەسەرداگرتن"، ئاماژەی بەوەشکرد، نزیکەی یەک لەسەر پێنجی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکانی جیهان بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن لەنێوان ئێران و عوماندا.
ناکۆکییەکان نێوان ئێران و ئەمەریکا بەردەوامە لەسەر بابەتەکانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و پشتیوانی تاران بۆ میلیشیاکانی ناوچەکە.