ململانێکانی سوودان بۆ مانگی پێنجەم چڕتر دەبێتەوە
K24 - هەولێر
رووبەرووبونەوەکەی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خیرا، پێی نایە مانگی پێنجەمەوە، لە کاتێکدا هەوڵەکان بۆ چارەسەرێکی سیاسی هێشتا وەستاون، ئەمەش وایکردووە زۆر کەس هۆشداری بدەن لە مەترسی درێژکردنەوەی جەنگ لە نەبوونی هیچ پێشکەوتنێک لە گفتوگۆکان و ئاگربەست.
بەیانی رۆژی شەممە پێکدادانی توند لە نێوان سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە گەڕەکەکانی سامڕاب و دروشاب و دەردوق و ئەحامدە لە باکوری شاری خەرتوم روویدا، سوپا لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبووک رایگەیاند، هێزە تایبەتەکانیان لە ناوچەی کەدرۆ لە بەحری بەچەکی سووک، رووبەرووی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بوونەتەوە، بەگوێرەی شایەتحاڵەکان، سوپای سوودان هەوڵی کۆنترۆڵکردنی پردی شەمبات دەدات، کە ئوم درمان بە شاری بەحری دەبەستێتەوە، بەمەش دەیەوێت هێڵی سەرەکی یارمەتییەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا کۆنتڕۆڵ بکات، کە پایتەختی سێ ویلایەتی لەسەرە.
تەها عوسمان، سەرۆکی هاوپەیمانی ئازادی و گۆڕان لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک گوتی: "چارەسەرێک نادۆزرێتەوە بەبێ دانیشتن لەگەڵ هەردوو لایەنی سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بۆ ڕێککەوتن لەسەر راگرتنی جەنگ"، دەشڵێت: پێویستمان بە پرۆسەیەکی سیاسی گشتگیر هەیە کە هەموو هێزە سیاسی و مەدەنییەکان و بزووتنەوە چەکدارییەکان لەخۆ بگرێت جگە لە پارتی کۆنگرێسی نیشتمانی کە عومەر بەشیر سەرۆکی لەکارلادراوی سوودان سەرۆکایەتی دەکرد، بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک کە یەکگرتوویی و سەروەری و خاک و خەڵکی سودان بەدەست بهێنێت."

عوسمان جەختی کردەوە، دروستکردنی یەک سوپای نیشتمانی لەژێر فەرماندەییەکی یەکگرتووی سوپا و هێزەکانی پشتیوانی خێرا و بزووتنەوەکانی خەباتی چەکداری و رەچاوکردنی هەمەجۆری و فرەیی لە سوودان و دوورکەوتنەوەی سوپا لە سیاسەت و حوکمڕانی.
ئاماژەی بەوەشکرد: "هەوڵدەدەین رێکبکەوین لەسەر دەسەڵاتێکی مەدەنی تەواو و رێککەوتوو بۆ بەڕێوەبردنی ماوەی دەستووری گواستنەوە کە دەبێتە هۆی هەڵبژاردنێکی ئازاد و رەوا تا کۆتایی ئەو ماوەیە کە هەموو لایەنەکان لەسەری رێککەوتوون"، هەروەها ئاماژەی بە گرنگی جێبەجێکردنی دادپەروەری کرد بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانییەکان و زیانلێکەوتووان و دەڵێت: "پێشێلکارییە جدی و گەورەکانی کوشتن و دزی و لاقەکردن و سوتاندن و وێرانکردنی ماڵەکان تراژیدیاکانی جەنگیان ئاڵۆزتر کردووە، ئێمە دەبێت بە وەستاندنی جەنگەکە چارەسەری بکەین."
خەلیفە ئەحمەد، جێگری داواکاری گشتی، وەک سەرۆکی لیژنەی کۆکردنەوەی بەڵگەی تاوانەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەستنیشان کرا، ئەندامێکی لیژنەکە سەرۆکی کۆمسیۆنی نیشتمانی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لیژنەکە نیگەرانە لە تاوان و پێشێلکارییەکانی هێزەکانی پشتیوانی خێرا، گوتیشی: ئەرکەکانی لیژنەکە تەنها لێکۆڵینەوەیە لە هەموو تاوانەکان و ئامادەکردنی یاداشتنامەیەکی یاسایی کە بە بەڵگە پشتگیری دەکرێت، پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ بکرێت.
داواکاری گشتی راشیگەیاند، کە هەموو داواکاری گشتی ویلایەتەکان فەرمانیان پێدەکرێت سکاڵا لە هاوڵاتیان و کۆمپانیاکان وەربگرن، رۆژی هەینی فەرماندەی سوپا جەنەڕاڵ عەبدولفەتاح بورهان بڕیارێکی دەرکرد کە داواکاری گشتی وەک سەرۆکی لیژنەکە دەستنیشان دەکات بۆ چاودێریکردنی پێشێلکارییەکان و تاوانەکانی پشتیوانی خێرا لە دژی هاوڵاتیانی مەدەنی لە کاتی جەنگدا.
بەپێی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی سوودان لە مانگی حەوتدا، ژمارەی کوژراوان لە خەرتوم و ویلایەتەکانی دارفۆر و کۆردۆفان گەیشتە 1136 کەس و 120 هەزار کەسیش برینداربوون.
لە رۆژی شەممەدا، دیسانەوە بە چەکی قورس پێکدادانی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە شاری نیالای ویلایەتی دارفۆری باشوور سەری هەڵداوە، شایەتحاڵەکان دەڵێن: پێکدادانەکانی نێوان هەردوولا بوونەتە هۆی داخستنی تەواوی بازاڕی شارەکە، لە کاتێکدا میدیا ناوخۆییەکان رایانگەیاند، لە ئەنجامی شەڕەکەدا کوژراو و بریندارهەیە.
لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا ناوچەی کتوم لە دارفۆری باشوور، پێکدادان لە نێوان هۆزەکانی بەنی هێلبا و سەلامات روویداوە و زیاتر لە 100 وکەس کوژران وژمارەیەکیش برینداربوون.
رۆژنامەی تریبیونی سوودان رایگەیاند، توندوتیژی خێڵەکی فراوان بووە بۆ گرتنەخۆی هۆزەکانی هەبانیە لە ناوچەی برام، ئاماژە بەوە دەکات کە هۆکاری رووبەڕووبوونەوەکان بەهۆی رەتکردنەوەی یەکێک لە هۆزە عەرەبییەکانەوەیە بۆ شەڕکردن لەگەڵ هێزەکانی پشتیوانی خێرا.
لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەری رێکخراوێکی مافی مرۆڤی سوودان، به ئاژانسی هەواڵی جیهانی عەرەبی راگەیاند، لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕەوە، 189 حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی دژ بە ئافرەتان لە ناوچە جیاجیاکانی دارفۆڕ تۆمارکراون.