سوودانی و رۆمانۆوسكی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا تاووتوێ ده‌كه‌ن

K24 – هەولێر:
سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق پێشوازی له باڵیۆزی ئه‌مریكا له عێراق ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، عێراق هه‌نگاوی باشی له بواری چاكسازی له سه‌رجه‌م ئاستهنكاندا بڕیوه، هاوكات رۆمانۆوسكی ئاماژه به په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان واشنتۆن و به‌غدا ده‌كات.
نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكردووه‌ته‌وه، ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه 13ـی ئابی 2023) محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق پێشوازی له ئالینا رۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له عێراق كردووه و له دیدارێكدا تاووتوێی كۆی گشتی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا و به‌هێزكردنی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌یان به‌تایبه‌ت له بواره‌كانی ئابووری و په‌ره‌پێدان كردووه.
نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، هه‌ر یه‌ك له سوودانی و رۆمانۆوسكی به پێویستیان زانیوه، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا له چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی ستراتیژی و به سوودی هه‌ردوو وڵاتی دۆست بێت.
هه‌ر له‌و دیداره‌دا سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق دووپاتیكردووه‌ته‌وه، عێراق له بواری چاكسازی و له سه‌رجه‌م ئاسته‌كاندا توانیویه‌تی هه‌نگاوی باش بنێ، هه‌روه‌ها به پێویستی زانیوه گفتوگۆكانی نێوان به‌غدا و واشنتۆن بۆ رێكخستنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان له دوای قۆناغی سه‌ركه‌وتن به‌سه‌ر رێكخراوی داعش و بۆ پێشخستنی توانای هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق به‌رده‌وام بێت.
هاوكات رۆمانۆوسكی له تویتێكدا خۆشحاڵی خۆی به گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ عێراق ده‌ربڕیوه و رایگه‌یاندووه، هه‌موو هه‌وڵێك ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سوودانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا په‌ره پێ بده‌ن.
رۆژی 7ـی ئابی 2023، شاندێكی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق به سه‌رۆكایه‌تی سابیت محه‌ممه‌د عه‌باسی، وه‌زیری به‌رگری له‌سه‌ر بانگهێشتی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌ی كرد و گفتوگۆی له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه ئه‌منییه دووقۆڵییه‌كان و ئایینده‌ی مانه‌وه‌ی سه‌ربازانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق و له‌ناوبردنی پاشماوه‌كانی داعش كرد.
به‌رپرسێكی باڵای وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، دانوستانه‌كانی نێوان به‌رپرسانی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی و عێراقی تایبه‌ت بوو به هاریكارییه ئه‌منییه دووقۆڵییه‌كانی نێوان واشنتۆن و به‌غدا و ئایینده‌ی مانه‌وه‌ی سوپای ئه‌مه‌ریكا له عێراق.
دانوستانه‌كانی نێوان به‌رپرسانی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی و عێراقی بۆ ماوه‌ی دوو رۆژ له‌ناو باره‌گای وه‌زاره‌تی به‌رگری "پێنتاگۆن" به‌رده‌وام بوون و تێیدا باس له په‌یوه‌ندییه ئه‌منییه دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات و ئایینده‌ی بوونی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی له عێراق و له ده‌ره‌وه‌ی چوارچێوه‌ی له‌ناوبردنی پاشماوه‌كانی چه‌كدارانی داعش له عێراق كرا.