ئاگادارییەک بۆ فەرمانبەران و مامۆستایانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا لەبارەی زەمالەی خوێندنی ماستەر و دکتۆرا
K24 - هەولێر:
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، فەرمانبەران و مامۆستایانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئاگادار دەکاتەوە، وڵاتی کۆریاى باشوور، چەند کورسییەکی خوێندنى ماستەر و دکتۆرا لە بوارەکانی (سیاسەتى گشتى، سیاسەتى پەرەپێدان و بەڕێوەبردنى گشتى و خاوەندارێتیی هزری و سیاسەتی گەشەپێدان) لە زانکۆکانی وڵاتی کۆریای باشوور تەرخان دەکات.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا، تەرخانکردنی کورسی خوێندن بۆ فرێرخوازانی دەرەوەی کۆریای باشوور لە چوارچێوەى هەماهەنگیی وەزارەتی پلاندانان و سەنتەری لێکۆڵینەوەی پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی کۆریای باشوور (KDI School)ـە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا راشیگەیاند، هەر کەسێک مەرجەکانی تێدا بەرجەستە بێت و ئارەزووی خوێندنی لە زانکۆکانی وڵاتی کۆریاى باشوور هەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی تێبینییەکان، دەتوانێت لەڕێگەی ئەم لینکەوە داواکاری پێشکەش بە سەرچاوەی زەمالەکە بکات.
مەرجەکانی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ خوێندنی ماستەر:
• پێشکەشکار دەبێت فەرمانبەر یا مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
• پێشکەشکار دەبێت بە لایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بە دەستهێنانی دوایین بڕوانامە.
•پێشکەشکار دەبێت کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە (65) کەمتر نەبێت.
• ئاستی توانستی زمانی داواکراو لە بەرنامەیەک بۆ بەرنامەیەک جیاوازە، بۆیە پێش پێشکەشکردن، تەواوی وردەکارییەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکەن.
• داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات. (واتا بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت).
• کاندیدی سەرکەوتوو لە لایەن وەزارەت تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت، واتە بە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
• کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی کۆریاى باشوور پشتگیریی دارایی دەکرێت.
مەرجەکانی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ خوێندنی دکتۆرا:
• پێشکەشکار دەبێت فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
• پێشکەشکار دەبێت بە لایەنیکەم، دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دوایین بڕوانامە، بەڵام بۆ دەرچووانی بەرنامەی تواناسازی، دەبێت بە لایەنی کەم (٥) ساڵ خزمەتی هەبێت.
• پێشکەشکار دەبێت کۆنمرەی ماستەری لە (٧٠) کەمتر نەبێت.
• ئاستی توانستی زمانی داواکراو لە بەرنامەیەک بۆ بەرنامەیەک جیاوازە، بۆیە پێش پێشکەشکردن، تکایە تەواوی وردەکارییەکانی ئەم بەرنامەیە بخوێننەوە کە داواکاری بۆ پێشکەش دەکەن.
• داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی دکتۆرا پێشکەش بکات. (واتا ماستەر و دکتۆراکەی لە هەمان بوار بێت).
• کاندیدی سەرکەوتوو لە لایەن وەزارەت تەنیا مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت واتە بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
• کاندیدی سەرکەوتوو لە لایەن وڵاتی کۆریاى باشوور پشتگیریی دارایی دەکرێت.
• پێشکەشکردنی ڕاستەوخۆ و تەنیا لە ڕێگەی ماڵپەڕی سەرەکیی زەمالەکە (کۆریاى باشوور) دەبێت.