کاندیدێکی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بڕی هاوکارییەکانیان بۆ ئۆکرانیا ئاشکرا دەکات
K24 - هەولێر
رۆبەرت کێنێدی جونیۆر کاندیدی دیموکراتەکانی ئەمەریکا بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا رایگەیاند، خەرجی وڵاتەکەی بۆ هاوکارییەکانی ئۆکرانیا 130 ملیار دۆلار بووە، لەکاتێکدا ملیۆنان ئەمەریکی هێشتا بێ بیمەی تەندروستی و خۆراکن.
رۆبێرت کێنێدی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێشکەشکاری ئەمەریکی تاکەر کارلسۆن گوتی: "تا ئێستا ئێمە 130 ملیار دۆلارمان بۆ ئەوێ ناردووە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "چۆن دەتوانین 130 ملیار دۆلار بنێرین لەکاتێکدا 15 ملیۆن ئەمەریکی بەبێ بیمەی تەندروستی دەژین، هەروەها پاکێجی خۆراک بۆ 30 ملیۆن کەس رەتدەکەینەوە؟.
کێنێدی ئاماژەی بەوەشدا، کە هەواڵگری ئەمەریکا بە بڕی پێنج ملیار دۆلار پارەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی کیێڤ لە ساڵانی 2013-2014دا، دابین دەکات.
روونیشی کردەوە: ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە ساڵی 2014 لە گۆڕەپانی مەیدان لە ئۆکرانیا روویدا، رۆژنامەکان و حکومەتەکەمان هەرگیز پێیان نەوتین کە ئێمە پارەی ئەو ناڕەزایەتیانە دەدەین، هەروەها ئاژانسی ئەمەریکا بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی کە بەرەیەکە بۆ سی ئای ئەی، پێنج ملیار دۆلاری بۆ ئەم ناڕەزایەتیانە خەرج کرد، پاشان ئەم ناڕەزایەتیانە بووە هۆی کودەتا لە ئۆکرانیا.
کاندیدەکەی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دەشڵێت: "مانگێک پێش رووخاندنی حکومەت، ڤیکتۆریا نولاند یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەو کاتەدا، گفتوگۆیەکی نهێنی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریکادا کرد، کە تۆمارەکەی بڵاوکرایەوە، کە کابینەی نوێی ئۆکرانیای پێکهێناوە".