راپۆرتێكی نهتهوهیهكگرتووهكان: داعش هێشتا مایەی مەترسییە و کۆتایی نەهاتووە

K24 - هەولێر:
سەرەڕای لاوازبوونی داعش و کەمبوونەوەی چالاکییەکانیان، نەتەوەیەکگرتووەکان لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا هۆشداری دەدات کە داعش هێشتا مایەی مەترسییە و کۆتایی نەهاتووە.
بە گوێرەی راپۆڕتی لیژنەیەکی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش، داعش سەرکردایەتی 5 بۆ 7 هەزار ئەندام دەکات لە سووریا و عێراق و 11 هەزار چەکداری دەستبەسەر کراو لە لایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات گوومانی ئەوەیان لێدەکرێت شەڕکەری داعش بن.
لیژنەیەکی نەتەوەیەکگرتووەکان راپۆرتێکی پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایش کردووە و تێیدا هاتووە، داعش سەرکردایەتی 5 بۆ 7 هەزار ئەندام لە سووریا و عێراق دەکات.
شارەزایانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێن، لە نیوەی یەکەمی 2023 هەڕەشەی داعش لە ناوچەکانی شەڕ بە بەرزی ماوەتەوە.
لەو راپۆڕتەی پێشکەشی ئەنجوومەنی ئاسایش کراوە هاتووە، سەرەڕای ئەو زیانانەی بەری کەتوون، داعش بە گشتی هێشتا چالاکە و ئەگەری پەیدابوونەوەی لە عێراق و سووریا لە بەرزی دایە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، داعش ریزەکانی یەکخستووەتەوە و لە کەمپەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و شوێنە لاوازەکان و وڵاتانی دەوروبەر چەندین چەکداری هێناوەتە ریزەکانی و سەرەڕای هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، داعش سەرکردایەتی 5 بۆ 7 حەوت هەزار کەس دەکات و زۆربەیان شەڕکەرن.
لیژنەکە دەڵێت، داعش بە مەبەست رێژەی چالاکییەکانی کەمکردووەتەوە بۆ ئەوەی ئاسانکاری بۆ هێنانی ئەندامی نوێ بۆ رێزەکانی بکات و ئەندامی زیاتر پڕچەک بکات.
هاوکات لیژنەکە گوتیشی، 11 هەزار چەکداری دەستبەسەر کراو لە لایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات گوومانی ئەوەیان لێدەکرێت شەڕکەری داعش بن.
ئاشکراشیکردووە، لەو 11 هەزار کەسە 3500 عێراقی و 2000 کەسیش لە 70 وڵاتی جیاوازن.
بە گوێرەی شارەزایانی نەتەوەیەکگرتووەکان هەردوو کەمپی داخراوی هۆل و رەوەج لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، نزیکەی 55 هەزار کەس لە خۆ دەگرن و گومان دەکرێت پەیوەندی خێزانی و جیاجیان لەگەڵ داعش هەبێت و کەمپهكانیشیان لە بارودۆخێکی مرۆیی خراپدان.
راشیانگەیاندووە، سێیەکی ئەو ژمارەیە منداڵن، لە نێوانیاندا 11 هەزار و 800 عێراقی و 16 هەزار سووری و 6 هەزار و 700 گەنجی وڵاتە جیاوازەکانی تێدایە.
سەرەڕای ئەمەش، داعش هێشتا بەردەوامە لە پڕۆگرامی چەکدارکردنی منداڵان لە کاتێکدا 850 منداڵ تەمەنیان لە خوار 10 ساڵیدایە.