لە زامبیا دەست بەسەر فڕۆکەیەک داگیرا کە زێڕ و دۆلاری کاش و چەکی تێدابووە

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کینێس کاوندا لە زامبیا
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کینێس کاوندا لە زامبیا

K24 - هەولێر

دەسەڵاتدارانی زامبیا رایانگەیاند، دەستیان بەسەر فڕۆکەیەکی تایبەتدا گرتووە کە بڕی 5.6 ملیۆن دۆلاری کاش و 602 دراوی زێڕ و پێنج پارچە چەک، لەگەڵ 126 فیشەکی تێدابووە.

ئاماژەیان بەوەشکرد، 10 کەسیان دەستبەسەر کردووە کە هاوڵاتییەکی زامبیا و شەش میسری و هۆڵەندی و ئیسپانی و هاوڵاتییەکی لاتڤیای تێدابووە، لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

بەڕێوەبەری گشتی دەسەڵاتی کۆنترۆڵکردنی ماددە هۆشبەرەکانی زامبیا، ناسۆن باندا، لە لوساکای پایتەختی زامبیا، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئەو فڕۆکەیەی لە قاهیرەوە دەهات و کەلوپەلی مەترسیداری هەڵگرتبوو، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کینێس کاوندا لە لوساکا نیشتەوە.

"باندا ئاماژەی بەوەشکرد، "لەگەڵ هاوکارانی دەزگا جیاوازەکانی جێبەجێکردنی یاسا، ئۆپەراسیۆنێکمان ئەنجامدا کە لە ئەنجامدا دەستبەسەرداگرتنی بڕی 5.6 ملیۆن دۆلاری کاش، هەروەها پێنج دەمانچەی دەستی، حەوت مەخزەنی چەک، 126 گوللـە، 602 دراوی زێڕ کە کێشی 127.2 کیلۆگرامە، و ئامێری کێشکردنی زێڕ دەستی بەسەردا گیرا".

بەرپرسەکەی زامبیا گوتیشی، ئەم فڕۆکەیە دەستی بەسەردا گیراوە، لەگەڵ فڕۆکەیەکی دیکەی سەر بە هێڵی ئاسمانی ناوخۆیی.

 ناسۆن باندا راشیگەیاندووە، پارەکە بە بانکی زامبیا سپێردراوە تاوەکو ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە دەردەچێت.