ئێران ئاوی زێی بچووک دەگرێتەوە

K24 - هەولێر:
ئێران ئاوی زێی بچووک دەگرێتەوە و بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی زێیەکەش، کێشە بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ قەڵادزێ دروست دەبێت.
مارف مەحموود، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئاوی خاس لە سنووری پشدەر بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەمساڵ ئێران بە رێژەیەکی زیاتر ئاوی زێی بچووک کەمکردووەتەوە و ئەمەش وایکردووە پێداچوونەوە بە خشتەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ قەڵادزێ دەکەن.
ئاوی زێی بچووك رووبارێكی كوردستانە، لە رۆژهەڵاتی كوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت و باشووری كوردستان تێپەڕ دەكات و دەڕژێتە سەر رووباری دیجلە، درێژاییەكەی 400 كیلۆمەترە و لە بەشێكیدا سنووری ئێران و عێراق دەستنیشان دەكات.
لە باشووری كوردستان، بەنداوی دووكان و لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش بەنداوی سەردەشت لە سەریدا دروست كراوە. دوای تێپەڕبوونی لە بەنداوی دووكان، سنووری هەردوو پارێزگای هەولێر و كەركووك دیاری دەكات و دەڕژێتە دیجلەوە.



