گاردیانی بەریتانی: زیاتر لە سێ ملیۆن کەس پێگەی ملیۆنێرییان لەدەستداوە

دۆلار
دۆلار

K24 - هەولێر

رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، ساڵی رابردوو زیاتر لە 3.5 ملیۆن کەس لە جیهاندا لە لیستی ملیۆنێرەکان دەرچوون، بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی ئابووری، ئەمە یەکەم دابەزینە لە دوای قەیرانی دارایی ساڵی 2008ەوە.

بەگوێرەی راپۆرتی ساڵانەی سەروەت و سامان کە لەلایەن بانکی"یو بی ئێس"ی سویسری    بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی ئەو کەسانەی کە سەروەت و سامانیان زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلاری ئەمەریکییە، لە کۆتایی ساڵی 2021دا 62.9 ملیۆن کەس بووە، بەڵام لە کۆتایی ساڵی 2022دا، ئەم رێژەیە دابەزیوە بۆ 59.4 ملیۆن کەس.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە شکراوە، کە ژمارەی ملیۆنێرەکان لە ئەمەریکا یەک ملیۆن و 800 هەزار کەمیکردووە و گەیشتووەتە 22 ملیۆن و 700 هەزار کەس، بەڵام هێشتا ژمارەی ملیۆنێرەکان لە ئەمەریکا زۆر زیاترە لە هەموو وڵاتانی دیکە، لە دوای ئەویش چین دێت کە 6.2 ملیۆن ملیۆنێری هەیە.

ژمارەی ملیۆنێرەکان لە بەریتانیا 440 هەزار کەس کەمیکردووە و گەیشتووەتە 2.6 ملیۆن ملیۆنێر، ئەمەش سێیەم گەورەترین دابەزینە لە دوای ژاپۆن کە لە 3.2 ملیۆنەوە بۆ 2.6 ملیۆن دابەزیوە و ئوسترالیاش چوارەم دابەزینی هەبووە.

بەپێی پێوەرەکانی "بلومبێرگ"، 500 دەوڵەمەندترین کەسی جیهان تەنها لە ساڵی 2022دا بڕی 1.4 تریلیۆن دۆلاریان لەدەستداوە، هەروەک ئیلۆن ماسک، دەوڵەمەندترین کەسی جیهان، 138 ملیار دۆلاری لەدەستداوە، هەروەها مارک زوکەربێرگ کە سەردەمانێک یەکێک بووە لە 10 دەوڵەمەندترینەکان لە جیهاندا، نزیکەی 81 ملیار دۆلار لە سامانەکەی لەدەستداوە، کە لە کۆتایی ساڵی 2022دا 45 ملیار دۆلار بووە.

لە راپۆرتەکەدا ئەوەشهاتووە، سامانی تایبەت لە جیهاندا بە رێژەی 11.3 تریلیۆن دۆلار کە دەکاتە 2.4% کەمیکردووە و گەیشتووەتە 454 تریلیۆن دۆلار، لە کاتێکدا تێکڕای سامانی هەر کەسێکی پێگەیشتوو بە رێژەی 3200 دۆلار کەمیکردووە و گەیشتووەتە 84 هەزار و 718 دۆلار.

Fly Erbil Advertisment