پاسێک لەڕێگای چوون بۆ ئیستانبوڵ وەردەگەڕێت و بەهۆیەوە 12 کەس گیان لەدەستدەدەن

وێنەی پاسەکە دوای رووداوەکە
وێنەی پاسەکە دوای رووداوەکە

K24 - هەولێر:

لە ئاکامی وەرگەڕانی پاسێک لە قەزای سۆرگون لە پارێزگای یۆزگات، 12 کەس گیانیان لەدەستدا و  19 کەسی دیکەش برینداربوون.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ئەنادۆڵ، رووداوەکە لە نزیک چواڕیانی موکرەمین لە سەر رێگای سێواس-یۆزگات روویدا و، پاسێک کە لە سێواسەوە دەچوو بۆ ئیستانبوڵ، کۆنترۆڵی لەدەستداوە و چووەتە رێڕەوی بەرامبەر و لەئاکامدا وەرگەڕاوە.

دوای ئاگادارکردنەوەیان، تیمەکانی تەندروستیی، پۆلیس و ئافاد گەیشتنە شوێنی رووداوەکە.

ئاژانسی ئەنادۆڵ باسی لەوەشکرد، لەو رووداوەدا 11 کەس لە سەرنشینانی پاسەکە لە شوێنی ڕووداوەکە گیانیان لەدەستدا، کەسێکی دیکەس کە بە برینداری گەیەندرایە نەخۆشخانە، سەرەڕای هەموو هەوڵەکان گیانی لەدەستدا.

ئاژانسە تورکیەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، بریندارەکانیش گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی حکومی قەزای سۆرگون و پارێزگای یۆزگات و، باس لەوە دەکرێت کە برینی یەکێکیان سەختە.

پارێزگاری یۆزگات، عەلی ئۆزکان، سەردانی شوێنی رووداوەکەی کرد و لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان رایگەیاند: "بەداخەوە رووبەڕووی رووداوێکی نەخوازراو و دڵتەزێن بووینەتەوە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، پاسەکە کە سەربە کۆمپانیایەکی تایبەتەوە لە سێواسەوە بەرەو ئیستانبوڵ چووە، چووەتە رێڕەوی بەرامبەر و وەرگەڕاوە. بەداخەوە ژمارەیەک گیانلەدەستدان و بریندارمان هەیە. هاوڕێیانمان لە سەرەتای رووداوەکەوە لێرەن لەگەڵمان، ئاسایش و ئافاد و هەموو یەکەکانی قائیمقامیەتمان لێرەن".

گوتیشی: تەرمی قوربانیان دەردەهێنینەوە و بریندارەکانیش دەگوازینەوە بۆ نەخۆشخانەکانی یۆزگات و سۆرگون. پێمانوایە ڕووداوەکە پەیوەندی بە ناهۆشیاریەوە هەیە و دۆخەکە لە لێکۆڵینەوەکاندا زیاتر روون دەبێتەوە".