روونکردنەوەیەک لە هاتووچۆی هەولێرەوە سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی جام رەش
K24 - هەولێر:
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر سەبارەت بە ئۆتۆمبێلی جام رەش روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە جامی پێشەوەی ئۆتۆمبێل هیچ جۆرە لەزگەیەک بەهەر رەنگێکی لێبدرێت.
هاتووچۆی هەولێر باسی لەوەشکرد، ماوەیەکە تێبینی ئەوە دەکرێت کە هەندێک کەس جامەکانی پێشەوەی ئوتومبێل بە لەزگە رەش دەکەن، یان لەزگەی رەنگی جۆراوجۆری لێ دەدەن، روونیشیکردەوە، "ئێمە لێرەوە رادەگەیەنین کەوا بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە جامی پێشەوەی ئۆتۆمبێل هیچ جۆرە لەزگەیەک بەهەر رەنگێکی لێبدرێت، چونکە راستەوخۆ کاریگەری هەیە لەسەر کەمکردنەوەی مەودای بینین.
لە روونکردنەوەکەی هاتووچۆی هەولێدا هاتووە، بڕیاری قەدەغەکردنی رەشکردنی جامی پێشەوەی ئۆتۆمبێل ئەو ئۆتۆمبێلانەش دەگرێتەوە کە رسوماتی ساڵانە دەدەن لە بەرانبەر جامڕەش کردن، چونکە رەزامەندی بە رسوماتیش تەنیا بۆ جامەکانی دیکەی ئوتومبێلە، نەک جامی پێشەوە.