عەلی سەعید: نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە لە هەرێمی کوردستان هەیە

عەلی سەعید، بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان
عەلی سەعید، بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان، رایدەگەیەنێت، دۆخی ئاوارەکان و پەنابەرەکان سەقامگیر نییە، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک پێویست هاوکارییان بۆ ئاوارەکان تەرخان نەکردووە، هاوکات دەڵێت: نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە لە هەرێمی کوردستان هەیە، لەبارەی رێککەوتنامەی شنگالیش عەلی سەعید، ئاماژەی بەوەدا، تا ئەم رێککەوتنە جێبەجێ نەکرێت دۆخی شنگال سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت.

عەلی سەعید، بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، پاڵپشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئاوارەکان لە دوای ساڵی 2018ـەوە قۆناغ بە قۆناغ رووی لە کەمیکردووە، هەروەها وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق وەک پێویست نەیتوانیەوە بە شێوازێکی مرۆیی مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا بکات، هاوکات پێداویستییە مرۆیەکانیان کەمتر بۆ تەرخانکردوون.

راشیگەیاند، لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا 927 هەزار و 714 کەس وەکو ئاوارە و پەنابەر تۆمارکراون، لە کۆی گشتیان 661 هەزار و 385 کەس ئاوارەی عێراقین کە لە کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکان لە هەرێمی کوردستاندا دەژین.

دەشڵێت: بە گشتی لە هەرێمی کوردستان 36 کەمپ تەرخانکراوە بۆ ئاوارەکان، هەروەها خزمەتگوازرییەکانی ئەم کەمپانە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە جێبەجێ دەکرێن و دەزگای خێرخوازی بارزانیش بە شێوەیەکی مەیدانی ئیدارەی کەمپەکان دەکات.

بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان، ئاماژەی بەوەدا، هەر ئاوارەیەک رۆژانە پێویستی بە 2.7 دۆلار هەیە بۆ دابینکردنی ئەم خزمەتگوزارییانەی کە پێویستی پێیەتی لە حاڵەتی ئاساییدا نەک لە قۆناغی ئێمرجنسیدا، "لە ساڵێکدا پێویستمان بە 902 ملیۆن دۆلار هەبووە بە شێوەیەکی گشتی بۆ دابینکردنی ئەم خزمەتگوازارییانە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت بە تەنیا ئەو ژمارەیە لە ئەستۆ بگرێت، پێوستی زیاتر بە هەماهەنگی و وەڵامدانەوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی عێراق هەیە کە هاوشانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بێنە ژێر ئەو بارە".

عەلی سەعید، روونیکردەوە، بە جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال "دەتوانین زیاتر لە 300 ئاوارەی شنگال بگەڕێنینەوە بۆ شنگال، بەڵام تا ئەم رێککەوتنە جێبەجێ نەکرێت و دۆخی شنگال سەقامگیر نەبێت ئاوارەکان ئامادە نیین بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان، هەروەها تەنیا لە 2ـی 5ـی ساڵی 2022 بەهۆی بەریەککەوتنی نێوان هێزە ناشەرعییەکانی شنگال 10 هەزار و 730 کەس بە سێ کاتژمێر ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون".

گوتیشی: لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا لە شنگال 300 خێزان دووبارە ئاوارەی پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بوونە، لە ئەنجامدا ئەمەش پێمان دەڵیت ئەو ناوچانە هێشتا سەقامگیر نییە، هێشتا میلیشیاکان هەڕەشەن بۆ سەر ناوچەکە و هەمیشە گریمانەی هاتنی ئاوارەکان رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبێت.

رۆژی (3ـی ئابی 2023) مەحموود ئێزدی، یاریدەدەری مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24، رایگەیاند، پێویستە حکومەتی عێراق بە زووترین کات رێککەوتنامەی شنگال جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی شارەکە ئاوەدانی بەخۆیەوە ببینێتەوە و ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە.

هاوکات راشیگەیاند، تەنیا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی باشکردنی دۆخی ئاوارەکانی شنگال دەدات و حکومەتی عێراق تا ئێستا خۆی لە ئاوارەکانی شنگال نەکردووەتە خاوەن.

ئاماژەی بەوەدا، پێویستە هێزە بیانییەکان لە سنووری شنگال نەمێنن، هەروەها هێزەکانی پەکەکە دۆخی شنگالیان خراپ کردووە ئەوان بوونەتە هۆکاری ئەوەی کەبەردەوام ناوجەکە ئارام نەبێتن.

رۆژی سێشەممە (9ـی ئۆکتۆبەری 2020)، رێككەوتنی شنگال لە نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە چاودێری مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق پێشووی عێراق لە شاری بەغدا واژووكرا، کە خۆی لە شەش خاڵی سەرەکی دەیبینێتەوە، ئەوانیش:

1. هەڵبژاردنی قایمقامی نوێ.

2. حكومەتی فیدراڵی ئیدارەی پرسی ئەمنی دەكات.

3. دامەزراندنی 2500 كەس لە خەڵكی شنگال و ئاوارەكانی و دروستكردنی هێزێكی نوێ.

4. كۆتاییهێنان بە پەكەكە و هەموو ئەو گرووپانەی پەیوەندیان پێوەیەتی.

5. هیچ كەسێكی سەر بە پەكەكە نابێت لەو هێزە ئەمنییە نوێیە دابمەزرێت.

6. هەولێر و بەغدا هەماهەنگی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و ئیدارەكردنی بكەن.

Fly Erbil Advertisment