پۆلیسی دیالە: نزیکین کۆتایی بە بازرگانیکردن بە ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ بهێنین

.
.

K24 - هەولێر

فەرماندەیی پۆلیسی دیالە، گەیشتن بە ئەنجامە گرنگەکان لە بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە ئەندامەکانی مرۆڤی راگەیاند.

ئەمڕۆ سێشەممە، گوتەبێژی پۆلیسی دیالە، عەقید هەیسەم ئەلشەمەری بە میدیای ناوخۆیی راگەیاند، "لە ماوەی ئەمساڵدا 2023، لە دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ و دەستگیرکردنی گرنگترین ئەو کەسانەی تێوەگلاون، بە دادگاییکردنیان ئامانجەکانمان بەدیهاتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "هاوکاریی خەڵک و چاودێریکردنی هەواڵگری پێشوەختە بەشداربوو لە دەستگیرکردنی تۆمەتباران"، جەختیشیکردەوە "نزیکن لە کۆتاییهێنان بەم بازرگانییە رەش و نایاساییە".

ئەلشەمەری گوتیشی: "دەرگاکانی فەرماندەیی پۆلیسی دیالە کراوەن بۆ وەرگرتنی هەر زانیارییەک کە ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە هەر رۆڵێک لە بازرگانیکردن بە ئەندامەکانی لەشی مرۆڤدا، دەشڵێت:  ئێستا ئەو بازرگانیکردنە زۆر کەمیکردووە و هەوڵەکان زۆرێک لە قوربانیانی رزگارکردووە.

بازرگانیکردن بە ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ و بەتایبەتی فرۆشتنی گورچیلە لە زۆربەی پارێزگاکاندا بەربڵاوە و زیانلێکەوتووەکانیش لەنێو هەژارەکانن کە بە پارە راکێشراون.