سێ کەس لە زێی گەورەدا خنکان
K24 - هەولێر:
ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی ئابی 2023، سێ کەس لە زێی گەورەدا خنکان و، تیمەکانی بەرگری شارستانیش تەرمی هەر سێ کەسەکەیان دەرهێنایەوە.
سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر رایگەیاند، بەداخەوە ئێستا سێ کەس لە زێی گەورە خنکان، گوتیشی: تیمەکانمان توانیویانە تەرمی هەر سێ قوربانییەکە دەربهێنن.
ئاماژەی بەوەشدا، سێ کەسەکە، باوک و کوڕێک و برزایەکن، کە ئێستا تەرمەکانیان لە نەخۆشخانەی خەباتە.
ناو و تەمەنی قوربانییەکان:
بەختیار کەریم (38 ساڵ)
کەژاڵ هەژار کەریم (17 ساڵ)
بنیامین بەختیار (شەش ساڵ).
رووداوەکە چۆن روویداوە؟
سەرەتا بنیامین کەوتووەتە نێو ئاوەکەوە و دواتر ئەوانی دیکە بەدوایدا چوون و هەوڵیان داوە رزگاری بکەن، بەڵام نەیانتوانیوە و دواجار هەرسێکیان خنکاون.
رۆژی 9ـی ئابی 2023، سروە رەسوول، بەڕێوەبەری گشتیی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە (1-1-2023) تا رۆژی سێشەممە (8-8-2023)، 61 هاووڵاتی لە هەرێمی کوردستان، لە ئاودا خنکاون.
بە گوتەی سروە ڕەسوول، ئەوانەە لە ئاودا خنکاون، بەشێکیان دانیشتووی هەرێمی کوردستان بوون و بەشێکی دیکەشیان گەشتیار و سەردانکەر بوون. روونیشیکردەوە، زۆرترین ژمارەی قوربانیانی خنکان، لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین و کەمترین ژمارەی قوربانیانیش لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان تۆمارکراوە.
رۆژی 6ـی ئابی 2023، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە ئامانجی کەمکردنەوەی قوربانی و رووداوەکانی خنکان، بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگریی شارستانی و پۆلیس، ئەو شوێنە گەشتیارییانە دادەخەن کە لە ماوەی رابردوو هاووڵاتیان و گەشتیاران تێیدا خنکاون و مەترسیدارن بۆ مەلەکردن.