زریانێکی بەهێز ئەمەریکای گرتووەتەوە و ئاگریش دارستانەکانی ئەوروپا لەناو دەبات

K24 - هەولێر
بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە چەند ناوچەیەکی جیهاندا، بووەتە هۆی ئاگر کەوتنەوە لە دارستانەکانی وەک ئیسپانیا و یۆنان و کەنەدا، بەمەش دانیشتوانی ئەو ناچانە بەناچاری ماڵەکانیان چۆڵکردووە. هەروەها لە ئەمەریکا زریانی "هیلاری" ویلایەتی رۆد ئایلاندی گرتەوە زیانێکی زۆری بە ناوچەکە گەیاندووە.
زانایان هۆکاری ئەم دیاردەی کەشوهەوا دەگەڕێننەوە بۆ گۆڕانی کەشوهەوا، ئەمەش وایکردووە شەپۆلی گەرما درێژتر و چڕتر و زۆرتر بێت.
بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، بەرپرسانی باشووری کالیفۆرنیا خۆیان ئامادەکردووە بۆ ئەگەری روودانی زریانی هیلاری. ئەمەش دوای ئەوەی لافاوێکی بەهێز لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای لۆس ئەنجلۆس روویدا.
گافن نیوسوم حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیا، باری نائاسایی لە زۆربەی ناوچەکانی ویلایەتەکەدا راگەیاند، هەروەها هۆشداری لافاو داوە.
شارەزایانی کەشناسی ئاماژەیان بەوەکردووە، پێشبینی دەکرێت لە ناوچە شاخاوی و بیابانییەکان 12 بۆ 25 سانتیمەتر باران ببارێت، کە ئەو بڕە بارانەش بەزۆری لە ماوەی ساڵێکدا لە بیابانەکان دەبارێت.
زریانەکە نیمچە دوورگەی باخا کالیفۆرنیای لە مەکسیک گرتەوە و کەسێک گیانی لەدەستدا و ڕاپۆرتەکان باسیان لەوە دەکرد، کە بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ لە نیمچە دوورگەکەدا بەشێک لە رێگاکان ژێرئاو کەوتوون.
دەسەڵاتدارانی ناوچەی سان بێرناردینۆ لە رۆژهەڵاتی لۆس ئەنجلۆس، فەرمانی چۆڵکردنی شارۆچکەکانیان دەرکرد.
جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا فەرمانی بە دەزگا فیدراڵیەکان کرد کە کارمەندان و پێداویستییەکان بگوازنەوە بۆ ناوچەی زیانلێکەوتووەکان، ئەمەش دوای چەند رۆژێک لە ئاگرکەوتنەوەکانی دارستانەکانی کەنەدا.

لەماوەی چوار رۆژی رابردوودا زیاتر لە 35 هەزار کەس ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشتووە، بەهۆی تەشەنەکردنی ئاگر لە ناوچەکانی رۆژئاوای کەنەدا، حکومەتی ناچارکردووە، سوپا جێگیر بکات لە ناوچەکە.
نزیکەی 140 هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە زەوی، کە بە نزیکەیی قەبارەی ویلایەتی نیویۆرک لە سەرانسەری کەنەدا سووتاوە. بەرپرسانی حکومەت پێشبینی دەکەن ئاگرکەوتنەوەکان تا پایز درێژبێتەوە بەهۆی بارودۆخی هاوشێوەی وشکەساڵی.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، لە دورگەی تێنریفی لە ئیسپانیا تا ئێستا 14 هەزار هێکتار رووبەری زەوی سووتاوە، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسپانیاش دەڵێت: هیوادارین کەشوهەوا یارمەتیدەرمان بێت بۆ ئەوەی بتوانین ئاگرەکە کۆنتڕۆڵبکایەن.
سەبارەت بە یۆنان کە بەهەمان شێوە شەپۆلێکی ئاگرکەوتنەوە روویدا، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە رایانگەیاند، پیاوێکی پیریان دۆزیوەتەوە کە لە ناوچەی پۆیتا، گیانی لەدەستداوە، لەکاتێکدا تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە بەردەوامن لە کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاگرکوژێنەوە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە: شوانێکی پیر بۆ ڕزگارکردنی ئاژەڵەکانی رایکرد بۆ ئەشکەوتەکەی، دواتر بە مردوویی دۆزرایەوە، لەوانەیە بەهۆی دوکەڵەکەوە خنکابێت.
هەروەها دەسەڵاتداران فەرمانیان بە گەشتیارانی کەنار دەریای نزیک لە ئاگرەکە کرد کە شوێنەکە چۆڵ بکەن، هەروەها نزیکەی 56 تیمی ئاگرکوژێنەوە بە پشتیوانی چوار فڕۆکە چوونەتە ناو شوێنەکەوە.
