ترەمپ: وڵاتانی کەنداو پێیان باشە گەمارۆی سەر ئێران بەردەوام بێت
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نایابی لەگەڵ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان سانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر کردووە و تێیدا چەندین پرسی پەیوەندیدار بە ئێرانەوە تاوتوێ کراون.
سێشەممە 10ـی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرایکرد، وڵاتانی کەنداو لەوانە، قەتەر، سعوودیە، ئیمارات، بەحرەین، کوەیت و چەند وڵاتێکی دیکە پێیان باشە دۆخەکە بە هەمان شێوازی ئێستا بمێنێتەوە، بە واتایەکی دیکە، بەردەوامبوونی گەورەترین گەمارۆی دەریایی لە مێژوودا و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی نوێی دەروازەی ئاسنین لە وشکانی و دەریادا دژی ئێران بەردەوام بێت.
سەرۆکی ئەمریکا جەختیکردەوە، سەرجەم لایەنەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی دەبێت رێگری لە ئێران بکرێت لە دەستخستنی چەکی ئەتۆمی و رایگەیاند، ئەمە شتێک نییە دانوستاندنی لەسەر بکرێت.
سەبارەت بە دۆخی مەیدانی، ترەمپ هۆشداری دا ئەگەر هەر گۆڕانکارییەکی مەترسیدار لە رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا رووبدات، ئەوا ئەمریکا بە تەواوی ئامادەباشی کردووە، بەڵام ئێستا پێدەچێت ئەگەری ئەوە کەم بێت.
ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو، ئیسرائیل و تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە مەترسی و هەڕەشەکانی ئێران پارێزراون، و جەختیشی کردەوە ئاراستەیەکی ئەرێنی بەرەو کۆتاییهاتن بەم ململانێیە دەبینرێت، لە هەمان کاتیشدا دڵنیایی دا کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە هەموو کاتێکدا پارێزراو دەبن و لە کۆتایی ئەم قۆناخە سەربازییەشدا، گەلی ئەمریکا و جیهان زۆر پارێزراوتر و ئارامتر دەبن.