ئیدارەی ترەمپ داوای زیادکردنی 1.5 تریلیۆن دۆلار بۆ بوجەی سەربازی دەکات
وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، تەرخانکردنی بودجەی سەربازی دەبێتە تەوەری سەرەکیی کارەکانی حکوومەت لە مانگەکانی داهاتوودا.
سێشەممە 10ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەم لێدوانەی پیت هێگسێت، وەزیری جەنگ، لەگەڵ پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ دابینکردنی بودجەیەکی زەبەلاحی سەربازی یەکیگرتەوە. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە خەرجییە سەربازییەکانی ئەمریکا رووی لە زیادبوون کردووە و کۆگاکانی چەک و تەقەمەنی بەهۆی جەنگی دژی ئێرانەوە بەرەو بەتاڵبوون دەچن.
ئیدارەی ترەمپ هەوڵدەدات بودجەی بەرگری بۆ ساڵی دارایی 2027 پەسەند بکات کە دەگاتە نزیکەی 1.5 تریلیۆن دۆلار. ئەم بڕە پارەیە بەراورد بە بودجەکانی پێشوو زیادبوونێکی بەرچاوە.
ئامانج لە تەرخانکردنی ئەم بودجەیە، بونیاتنانەوەی کۆگاکانی مووشەک و تەقەمەنییە کە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا بەکارهاتوون. هەروەها ئامانج لێی بەرزکردنەوەی ئامادەیی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا و فراوانکردنی بەرهەمهێنانی چەک و کەرەستەی سەربازی و تەرخانکردنی پارە بۆ پڕۆژەکانی بەرگری و تەکنەلۆژیای نوێی سەربازییە.
جەنگی دژی ئێران یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی داواکردنی بودجەی زیاتر. هێگسێت لەمبارەیەوە رایگەیاند: "تێچووی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران بەپێی خەمڵاندنەکانی تەمووزی 2026ـوە گەیشتووەتە 37.5 ملیار دۆلار".
ئیدارەی ئەمریکا داوای بودجەی زیاتری کردووە بۆ پڕکردنەوەی تێچووی ئۆپەراسیۆنەکان و قەرەبووکردنەوەی ئەو تەقەمەنییانەی بەکارهاتوون.
ئەم ئیدارەیە لە کۆنگرێس رووبەڕووی ئاستەنگێکی سیاسی بووەتەوە، بەتایبەت دوای ئەنجامی هەڵبژاردنی نیوەی خول کە دیموکراتەکانی کردە خاوەنی زۆرینە لە هەردوو ئەنجوومەنەکەدا.
ئەم دۆخەش وایکردووە پەسەندکردنی بودجە سەربازییەکان ئەستەمتر بێت، چونکە دیموکراتەکان داوای چاودێریی زیاتر لەسەر خەرجی و بڕیارە سەربازییەکان دەکەن.