سیپان شێروانی: سەردانەکەی مەسرور بارزانی مووچەی مسۆگەر کرد

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا پڕدەستکەوت بوو و کۆتایی بە دڵەڕاوکێی مووچەهێنا، هاوکات جەخت دەکاتەوە کە هەولێر و بەغدا رێککەوتوون لەسەر ئەوەی هەرێمی کوردستان یەک بودجەی هەبێت و پیلانی لایەنەکان بۆ دووئیدارەیی سەری نەگرت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2026، سیپان شێروانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24، وردەکاری و دەستکەوتەکانی سەردانی شاندی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا خستەڕوو.

سیپان شێروانی رایگەیاند: "سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ بەغدا پڕ لە دەستکەوت بوو و توانی بە یەک سەردان چەندین کێشەی کەڵەکەبوو یەکلایی بکاتەوە. لە کاتێکدا رەشنووسی بودجە نائارامی دروست کردبوو و مووچەی مسۆگەر نەکردبوو، بەڵام سەرۆکوەزیران چەقی هەوڵەکانی بۆ ئەوە تەرخان کرد کە دەبێت پێش هەموو شتێک مووچەی مووچەخۆران لە بەغدا زامن بکرێت و ئەمەش بەدەستهات."

ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەر بنەمای لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو سەرۆکوەزیران، بڕیارە ئەمشەو ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووری کۆببێتەوە و کۆبوونەوەی دەنگدان لەسەر رەشنووسی بودجەش دواخراوە، تاوەکو ئەو ماددانەی پەیوەستن بە هەرێمی کوردستان لە رووی تەکنیکی و یاساییەوە بەپێی رێککەوتنەکە هەموار بکرێنەوە.

سەبارەت بە پەیامی مەسرور بارزانی کە دوای کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ لە بەغدا گوتی "هەرێمی کوردستان یەک بودجەی دەبێت"، روونی کردەوە: "ئەمە پەیامێکی زۆر روون بوو بۆ ئەو لایەن و بەرپرسە باڵایانەی لە بەغدا کاریان لەسەر ئەوە دەکرد هەرێمی کوردستان پارچە پارچە بکەن و دوو بودجە یان دووئیدارەیی بسەپێنن؛ بەڵام سەرۆکوەزیران پێداگری کرد کە هەرێمی کوردستان یەک قەوارەی دەستوورییە و دەبێت وەک یەک پێکهاتە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، دەستووریش رێگە بە هیچ جۆرە جیاکاری و لەتکردنێک نادات."

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران باسی لە شێوازی داڕشتنی بودجە کرد و گوتی: "لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی میکانیزمی 'ئینفاقی فیعلی'، خەرجیی سیادی و لێبڕینەکان، هەرچەندە پشکی هەرێم بە 12% بۆ 14% دیاری دەکرا، بەڵام لە واقیعدا تەنیا 4% بۆ 5% دەگەیشتە دەست هەرێم، ئەمەش نادادپەروەرییەکی گەورە بوو. سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە روونی ئەم کێشانەی خستەڕوو."

گوتیشی: "ئێمە نامانەوێت پاشکەوت یان قەرز لەسەر هەرێم کەڵەکە ببێت، بەڵکو گرنگە لە لیژنە تەکنیکییەکاندا دەستکاریی برگەکانی بودجە بکرێت بە جۆرێک کە شایستە داراییەکان، خەرجیی بەکاربردن و وەبەرهێنان، هاوشانی مووچە زامن بکرێن."

سەبارەت بە دۆسیەی نەوت، سیپان شێروانی ئاشکرای کرد: "سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە دەبێت بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بەرز بکرێتەوە، مەسرور بارزانیش جەختی کردەوە هەرێم ئامادەیە پشکی خۆی تا 1 ملیۆن بەرمیل دابین بکات، بەڵام ناگونجێت لە لایەکەوە گەمارۆ بخرێتە سەر کەرتی نەوتی هەرێم و پارەی کۆمپانیاکان خەرج نەکرێت، لە لایەکی دیکەش داوای بەرزکردنەوەی بەرهەم بکرێت."

دەربارەی دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە وەرزی سەرمادا، سیپان شێروانی گوتی: "لەمبارەیەوە بە روونی بە سەرۆکوەزیرانی عێراقم گوت کە 50 ملیۆن لیتر بەشی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان ناکات و پێویستمان بە 286 ملیۆن لیترە؛ زەیدی بڕیاری دا هەر بڕێک پێویست بێت دابین بکرێت. هەروەها لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق کۆبووینەوە و بەڵێنی داوە لەگەڵ بەرزبوونەوەی کۆگاکانی نەوتی سپی لە بەغدا، پشکی پێویست بە شێوەیەکی راستەوخۆ بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت."