عێراق بە پڕۆژەیاسایەک رووبەڕووی 'هاوڕەگەزخوازی' دەبێتەوە
داوای لەسێدارەدان یان زیندانی هەتا هەتایی دەکرێت
K24 - هەولێر:
ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تاوتوێی پرۆژەیاسایەک دەکەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی "هاوڕەگەزخوازی" و سزادانیان بەتوندترین شێوە.
هەفتەی رابردوو خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاساکە کرا کە تێیدا پێشنیازی سەپاندنی سزای (لەسێدارەدان یان زیندانی هەتا هەتایی) کراوە، بەسەر ئەو کەسەی کە پەیوەندیەکی هاورەگەزبازی لەگەڵ کەسێکیدا دیکەدا هەبێت.
هەروەها لەنێو پرۆژەیاساکەدا هاتووە، هەر کەسێک "برەو بە هاوڕەگەزخوازی بدات" یان هانی ئەو بابەتە بدات، ئەوا سزای زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێنرێت کە ماوەی زیندانییەکەی کەمتر نەبێت لە حەوت ساڵ.
سەعد ئەلساعدی، سەرۆکی فراکسیۆنی "حقوق" لەوبارەیەوە بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، یاساکە "هێشتا لە پرۆسەی گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕادایە"، روونیشیکردەوە، هەموارکردنەوەی یاساکە بۆ پڕکردنەوەی هەموو بۆشاییەکی یاساییە.
ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: پێدەچێت پێشکەوتن لە لێکدانەوەی زاراوەکان و هێنانەکایەی زاراوەی نوێ وەک "جێندەر" هاتبێتە ئاراوە، بۆیە بیرۆکەکە خوێندنەوەی یاساکە و هەموارکردنەوەی لەخۆدەگرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، کە چەند جارێکی دیکە خوێندنەوەی بۆ رەشنووسی یاساکە دەکرێت، بەڵام دوا وادەی خوێندنەوەی پرۆژەیاساکەی ئاشکرا نەکرد.
عێراق یەکەم وڵات نییە کە بیەوێت رێوشوێنەکان لە دژی هاوڕەگەزخوازی توندتر بکات، هەریەک لە ئێران، رووسیا و ئۆگەندا، لەو وڵاتانەن کە بە توندترین شێوە رووبەڕووی ئەو جۆرە کەسانە دەبنەوە.
رەشا یونس، پسپۆڕی بواری مافی هاوڕەگەزخوازی لە رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، پێی وایە حکومەتی عێراق لە سەرووی هەموو شتێکەوە و لە نەبوونی دەستکەوتی جددی، هەوڵدەدات سەرنجی خەڵکەکەی بەلای شتێکدا ببات و سەرقاڵیان بکات.
لەلایەکی دیکەوە دەسەڵاتی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی حکومەت، کە بەرپرسیارە لە چاودێریکردنی ئەو میدیایانەی لە عێراقدا کاردەکەن، بیر لەوە دەکاتەوە رێگری لە میدیاکان بکەن لە بەکارهێنانی دەستەواژەی "هاوڕەگەزخوازی" لەکاتی ئاماژەدان بە "لادانی سێکسی"، هەروەها دەیەوێت وشەی "جێندەر" قەدەغە بکات.