شەپۆلەكانی گەرما كۆتایی دێت
K24 – هەولێر:
بەشی پێشبینی كەش و هەوا لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە دواین کات بوو بۆ بەرزی پلەکانی گەرما، لە رۆژانی داهاتوو پلەکانی گەرما دادەبەزێت و دەگەڕێتەوە ئاستی ساڵانەی خۆی.
بەشی پێشبینی كەش و هەوا لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە، "دەتوانین بڵێین ئەمڕۆ چوارشەممە دوایین کات بوو بۆ بەرزی پلەکانی گەرما لە رۆژانی داھاتوو دەگەڕێتەوە ئاستی ساڵانەی خۆی بۆ نموونە سەنتەری ھەولێر لە نێوان 42—43 پلەی ساڵانەیە وەک رێژەیەک بە مەرجێک ھیچ شەپۆڵێکی گەرما نەبێت، سەنتەری سلێمانی 41-42 پلەی سیلیزی، سەنتەری دھۆک 41-43 پلەی سیلیزی . پێشبینی نزم بوونەوەی پلەکانی گەرما پلە بە پلە لە سبەیەوە دەستپێدەکات".
لە راگەیاندراوەکەدا ئاماژەی بەوەشکراوە، رۆژی ھەینی داهاتوو زیاتر ھەست بە نزم بوونەوەی پلەکانی گەرما دەکرێت، رۆژی دووشەممەی داهاتووش جیاوازی دابەزین لە پلەکانی گەرما بە بەراورد بە ئەمڕۆ بە نزیکەی 6-8 پلە نزم بوونەوە دەبێت لە پلەکانی گەرما، هەروەها رۆژی سێشەممە تاڕادەیەك كەشەكە فێنك دەبێت.
ئەوەش خراوەتەڕوو، تا ئێستا ھیچ شەپۆڵێکی گەرما لە مانگی نۆ تۆمارنەکراوە لە کاتی ھاتنی شەپۆڵی گەرماش کاریگەری کەمترە و ماوەی مانەوەی لە رۆژێک تێپەڕ ناکات، بەمەش دەتوانین بڵێین شەپۆڵەكانی گەرمای هاوینی ئەمساڵ كۆتایی دێت.