ڤیدیۆ.. بەهۆی داڕمانی زەویەوە لە هیندستان ژمارەیەک کەس کەوتنە ژێر داروپەردووی خانووەکان

K24 - هەولێر

میدیا ناوخۆییەکانی هیندستان بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە ویلایەتی هیماچال پرادێشی هیندستان زەوی داڕمانێکی گەورە روویداوە و چەندین کەس لە ژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە.

کەناڵە تەلەفزیۆنەکانی هیندستان، لە ناوچەی "کولو"ی ویلایەتەکەدا وێنەی چەند بینایەکیان بڵاوکردەوە، کە بەهۆی داڕمانی زەوییەوە دەڕووخێن.

سەرۆکوەزیرانی وەزیرانی ویلایەتەکە رایگەیاند، وەزارەتەکە دوو رۆژ لەمەوبەر مەترسییەکانی ئەو شوێنەی دەستنیشانکردووە و بینایەکی بازرگانیشی چۆڵکردووە.

لە سەرەتای ئەم مانگەدا بەهۆی داڕمانی زەوییەوە، لە هیماچال پرادێش زیاتر لە 50 کەس گیانیان لەدەستداوە و ماڵەکانیان تەخت بوون، هەروەها پاس و ئۆتۆمبێلەکان لە ژێر بەردەکاندا گیریان خواردبوو.

بارانبارینی بەخوڕی نائاسایی و توانەوەی سەهۆڵبەندانەکان لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بووەتە هۆی دروستبوونی لافاوی گەورە لە چیاکانی هیندستان و پاکستان و نیپاڵ، کە بەرپرسانی حکومەت بە شێوەیەکی بەرچاو هۆکارەکەی بۆ گۆڕانی کەشوهەوا دەگەڕێننەوە.