وەزارەتی شارەوانی: خەرجیی مانگانەی دابینکردنی ئاو 46 ملیار دینارە
K24 – هەولێر:
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژانە دوو ملیۆن و 684 هەزار و 606 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان دابیندەکرێت و خەرجی راستەوخۆ و ناراستەوخۆشی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، مانگانە دەگاتە 46 ملیار دینار.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویکردووەتەوە، هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان بەردەوامە و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش رایدەگەیێنێت، "خەرجیی مانگانەی دابینکردنی ئاو بۆ هاووڵاتییان 46 ملیار دینارە".
دابینکردنی ئاو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تەنیا بۆ شارو شارۆچکەکان نییە و رۆژانە لە رێگەی تەنكەرەوە، ئاوی پاك دەگەیەندرێتە گوند و ناوچە دوورەدەستەکان.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئاماژە بەوە دەکات، خەرجیی راستەوخۆ و ناراستەوخۆی مانگانەی دابینکردنی ئاو لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان 46 ملیار دینارە و ساڵانەش دەکاتە 552 ملیار دینار.
بەگوێرەی زانیارییەکانی وەزارەتی شاروانی و گەشتوگوزار، لە هەرێمی کوردستان رۆژانە بڕی دوو ملیۆن و 684 هەزار و 606 مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە دابیندەکرێت و لە رێگەی تۆڕەکانی ئاو و تەنکەرەوە بەسەر هاوبەشەکاندا دابەش دەکرێت.