بنەماڵەی عەلی وەردی داوا لە حکومەت دەکەن بڕیاری چۆڵکردنی خانووەکەیان جێ بەجێ بکات
K24 - هەولێر
بنەماڵەی کۆمەڵناس و مێژوونووس، عەلی وەردی، داوایان لە هەردوو وەزیری ناوخۆ و داد و سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، هاوکار بن لە چۆڵکردنی ئەو خانووەی کۆچکردوو عەلی وەردی، کە بە گوتەی خۆیان بەو ئارەقە و هەوڵە زانستی و توێژینەوەکانی بووەتە خاوەنی.
لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە دوێنێ لە سۆشیال میدیادا بڵاوبووەتەوە دەڵێن: کرێچییەکە رەتیدەکاتەوە خانووەکە چۆڵ بکات، سەرەڕای دەرکردنی بڕیاری دادوەری بۆ چۆڵکردنی خانووەکە.
ئاماژەیان بەوەشکرد، کرێچیەکە گوتویەتی 40 ساڵ لەمەوبەر خانووەکەی بەکرێ گرتووە و رەتیدەکاتەوە وەڵامی داواکارییەکەمان بداتەوە و خانووەکە چۆڵ بکات، کە بە نیازن بیگۆڕن بۆ مۆزەخانەیەک کە موڵک و ماڵی وەردی و کتێبخانەکەی و دیارترین تایبەتمەندییەکانی و گەشتە زانستییەکانی لەخۆدەگرێت.
بنەماڵەی عەلی وەردی پشتڕاستیان کردەوە کە پەیوەندیان بە شێخی هۆزەکەی کرێچیەکەوە کردووە، بەڵام ئەو بە تەواوی رەتیدەکاتەوە خانووەکە چۆڵبکرێت، هەروەها هەڕەشەی ئەوەشی کردووە، ئەگەر ماڵەکە بەجێبهێڵێت، ئامۆزاکەی دەهێنێت بۆ ئەوەی لە خانووەکەدا بژی، شێخەکە دەشڵێت: "یان خانووەکە یان خوێن". خانووەکەی عەلی وەردی دەکەوێتە ناوچەی کازمیە لە بەغدا.
عەلی حسێن موحسین عەبدولجەلیل وەردی، کۆمەڵناس و پرۆفیسۆر و مێژوونووسی عێراقی، لە ساڵی 1913 لەدایک بووە، لە ساڵی 1995دا کۆچی دوایی کردووە، بە وەرگرتنی تیۆرییە کۆمەڵایەتییە مۆدێرنەکان لە سەردەمی خۆیدا ناسراوە.