هێزێکی سوپای عێراق هەڵدەکوتنە سەر گوندی تۆپزاوە لە کەرکووک

مانگرتنی جووتیارانی تۆپزاوە - وێنە: ئەرشیف
مانگرتنی جووتیارانی تۆپزاوە - وێنە: ئەرشیف

K24 – کەرکووک:

هێزێکی سوپای عێراق هەڵیانکوتایە سەر گوندی تۆپزاوە و بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەش لەناو گوندەکە بڵاوەیان کردووە و ترسیان لای دانیشتووانی گوندەکە دروستکردووە.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە (28ـی ئابی 2023)، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، هێزێکی فیرقەی 11ـی سوپای عێراق بە چەک و کەرەستەی سەربازییەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی تۆپزاوە و چوونەتە نێو هۆڵی ئەنفالی گوندەکە و دەیانەوێت داگیریبکەن.

لەلایەن خۆیانەوە بەشێک لە دانیشتووانی گوندەکە بە بۆ کوردستان24 ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەو هێزە ئێستا بە هەمەر و چەکەوە لەنێو گوندەکە بڵاوەیان پێکراوە.

بە گوتەی دانیشتووانی گوندەکە، هاتنی ئەو هێزەی سوپای عێراق بە مەبەستی داگیرکردنی زەوی گوندەکەیانە کە ماوەیەک پێش ئێستا وەزارەتی بەرگری عێراق ویستی داگیریبکات.

گوندی تۆپزاوا دەکەوێتە باشووری کەرکووک و دانیشتووانەکەی کوردن و خاوەنی رەسەنی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکەن، چەندین جارە لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەرەوە لەلایەن سوپای عێراقەوە فشاریان لێدەکرێت گوندەکە چۆڵ بکەن.

زەوی گوندی تۆپزاوە لەگەڵ چەند گوندێکی ناوچەکە، لە ساڵی 1975 لەلایەن رژێمی پێشووی عێراقەوە، دەستیان بەسەرداگیرا و خرانە سەر وەزارەتەکانی دارایی، شارەوانی و بەرگری و پاشانیش بەسەر عەرەبی هاوردە دابەشکران.

لە ماوەی رابردووش، هەردوو وەزارەتی شارەوانی و بەرگریی عێراق، لە هەوڵی ئەوەدابوون سەربازگەی کۆنی سەربازی لە ناوچەکە بنیاتبنێتەوە و لەسەر رووبەری چوار هەزار و 500 دۆنم زەوی جووتیارانی گوندی تۆپزاوە لە سنووری کەرکووک، یەکەی نیشتەجێبوون بۆ ئەفسەر و کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق دروست بکەن، بەڵام ئەو هەوڵەیان لەکاتی خۆیدا شکستی پێهێندرا.