دادگای فیدراڵی بڕیارێکی دیکە دژی بەرژەوەندییەکانی کورد لە کەرکووک دەردەکات

دادگای فیدراڵی عێراق
دادگای فیدراڵی عێراق

K24 – هەولێر:

دادگای فیدراڵ بڕیارێكی دیكه‌ له‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كورد له‌ كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی کوردستان ده‌رده‌كات و رێگەپێدراوی لیستی پارتیش لە کەرکووک رایگەیاند، بڕیارەکانی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی رێگەخۆشکەرە بۆ ئەوەی ئێستا لە کەرکووک روودەدات.

رۆژی دووشەممە (28ـی ئابی 2023)، دادگای فیدراڵ بڕیاری ناده‌ستووریبوونی ژماره‌یه‌ك مادده‌ و بڕگه‌ی یاسای ژماره‌ی 4ـی ساڵی 2023ـی تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ده‌ركرد و لە خاڵی شەشەمدا، بڕگەی دووەمی ماددەی 37ـی بە نادەستووری داناوە کە تایبەتە بە سزادانی ئەو کەسانەی رێگری دەکەن لە کردنەوەی بارەگا یان چالاکی لایەنە سیاسییە رێگەپێداوەکان.

یه‌كێك له‌و ماددانه‌ی دادگای فیدراڵ بڕیاری ناده‌ستووریبوونی له‌سه‌رداوه‌، مادده‌ی 14ی یاساكه‌یه‌ کە بڕگەی دووەمی ماددەی 37ـی یاسای ژمارە 12ـی ساڵی 2018ـی هەمواکردووەتەوە كه‌ جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، "هه‌ركه‌س و لایه‌نێك رێگری له‌ حزبه‌ سیاسییه‌كان بكات له‌ كردنه‌وه‌ی باره‌گاكانیان و رێگه‌ نه‌دات حزبه‌كان موماره‌سه‌ی چالاكییه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانیان بكه‌ن، سزای زیندانیكردنی به‌لایه‌نی كه‌م بۆ ماوه‌ی ساڵێكی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێندرێت".

لەلایەن خۆیەوە سامان رەشید، رێگەپێدراوی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، بڕیارەکانی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی رێگەخۆشکەرە بۆ ئەوەی ئێستا لە کەرکووک روودەدات دژی رادەستکردنەوە و چۆڵکردنی بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک.

سامان رەشید ئاماژەی بەوەشکرد، بەشێک لە بڕیارەکانی ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی پەیوەستە بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقەوە، بەهۆی ئەوەی ئەو یاسایەی کە لە مانگی ئایاری ئەمساڵ لە پەرلەمانی عێراق پەسەندکرا، یاسای گشتییە بۆ هەموو هەڵبژاردنەکان بۆیە بە دووری زانی کاریگەری لەسەر وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەبێت.

لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، باسی لە نادەستووریبوونی شێوازی لە هەڵبژاردنی کورسی کۆتای پێکهاتەکان لە یاسای نوێی هەموارکراوی هەڵبژاردنەکان، سامان رەشید روونیکردەوە، بە یەک بازنەیی کردنی کورسی کۆتای هەڵبژاردنەکان، هەوڵێکە بۆ ئەوەی کورسی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی عێراق لەلایەن هێزەکانی نزیک لە حەشدی شەعبییەوە دەستیبەسەردا بگیرێت.

دادگای فیدراڵیش به‌م بڕیاره‌ی، هه‌موو سزاكان بۆ ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ لاده‌بات، كه‌ رێگری له‌ حزبه‌ كوردستانییه‌كان ده‌كه‌ن له‌ كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كان موماره‌سه‌ی كاری سیاسی خۆیان بكه‌ن و ره‌وایه‌تیش به‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ ده‌دات، كه‌ به‌ ویستی خۆیان هه‌ڕه‌شه‌ له‌ حزبه‌ كوردستانییه‌كان له‌و ناوچانه‌ بكه‌ن.

رۆژی (27ـی ئاداری 2023)، پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 218 پەرلەمانتار، بە زۆرینەی دەنگ هەمواری سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ژمارە 12ـی ساڵی 2018ـی پەسەندکرد و لەسەر ئەو بنەمایەش، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە کەرکووک و نەینەواوە بەڕێوەدەچێت.

هه‌رچه‌ند راسته‌وخۆ دادگای فیدراڵ ئاماژه‌ی به‌ حزبه‌ كوردییه‌كان نه‌داوه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌، چه‌ند لایه‌نێكی ناو حه‌شدی شه‌عبی له‌ دژی كردنه‌وه‌ی باره‌گاكانی پارتی له‌ كه‌ركووك، چەند رۆژێکە گردبوونه‌وه‌یان ئەنجامداوە و رێگەی سەرەکی نێوان هەولێر-کەرکووکیان داخستووە.

وابڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق (بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەدەچێت و لەو هەڵبژاردنەدا، 23 ملیۆن و 367 هه‌زار و 81 كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی 15 پارێزگای عێراق بە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەواوە، هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و هەشت بنکەی ده‌نگدان کە 47 هەزار و 655 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.