لە وڵاتێکی دیکەی ئەفریقا کودەتای سەربازی کرا و کۆتایی بەدەسەڵاتی سەرۆکایەتی هێنرا

K24 - هەولێر
دەیان ئەندامی سوپا و پۆلیسی گابۆن لە کەناڵی گابۆن 24 لەبارەگای سەرۆکایەتی وڵات، راگەیەندراوێکیان خوێندەوە و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و گشت دامەزراوەکانی وڵاتیان راگەیاند.
ئەو کۆمەڵە سەربازانەی کە بەناوی "لیژنەی نۆژەنکردنەوەی ئینتقالی و دامەزراوەیی" قسەیان کرد و رایانگەیاند، بەهۆی حوکمڕانی نابەرپرسانە کە بەردەوام یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی بەرەو تێکچوون دەچێت، رەنگە وڵات پاڵ بنێتە ناو پشێوی زیاتر، بۆیە ئێمە بڕیارماندا بەرگری لە ئاشتی بکەین بە کۆتاییهێنان بەو رژێمەی کەئێستا هەیە.
روونیشیان کردەوە، "بۆ ئەو مەبەستە هەڵبژاردنی گشتی کە لە 26ی ئابی 2023، بەڕێوەچوو هەڵوەشایەوە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا گوتیشیان: "هەموو دامەزراوەکان و حکومەت و ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نیشتمانی و دادگای دەستوری هەڵوەشێنرانەوە، داوا لە هاوڵاتیان دەکەین ئارام بن، تاوەکو پابەندبوونمان نوێ بکەینەوە بۆ رێزگرتن لە ئەرکەکانی گابۆن بەرامبەر بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی"، جەختیش لەوە دەکەینەوە کە سنوورەکانی وڵاتەکە دادەخرێن تا کاتێکی دیکە ئاگادارتان دکەینەوە.
ئەم سەربازانە بریتین لە ئەندامانی پاسەوانی کۆمارییەکان کە ئەرکی پاراستنی پۆستی سەرۆکایەتییان لەسەرە، هەروەها سەربازانی سوپا و ئەفسەرانی پۆلیس، راگەیەندراوەکەیان لە کەناڵی فەرمی وڵات خوێندەوە، دوای ماوەیەکی کەم لە خوێندنەوەی راگەیەندراوە سەربازییەکەش، خەڵک گوێیان لە تەقەکردن بووە، لە چەند گەڕەکێکی شاری لیبرێڤیل.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە وڵاتەکە قەدەغەی هاتووچۆ و پچڕانی ئینتەرنێتی لە هەموو ناوچەکان راگەیاندبوو، لە چوارچێوەی ئەو رێوشوێنانەی کە حکومەت رۆژی شەممە، بەر لە داخستنی بنکەکانی دەنگدان گرتبوویانە بەر بە مەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی ناڕاست و ئەگەری کردەوەی توندوتیژی.
ئەم راگەیاندنە دوای ماوەیەکی کەم لە بڵاوبوونەوەی ئەنجامە فەرمییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی گابۆن هات کە رۆژی شەممە بەڕێوەچوو، تیایدا عەلی بۆنگۆ ئۆدیمبای سەرۆک کۆماری گابۆن، ماوەی 14 ساڵە حوکمڕانی وڵاتەکەی دەکات، بۆ خولی سێیەم و 64.27%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.
ئەنجامەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕکابەری سەرەکی بۆنگۆ، ئەلبێرت ئۆندۆ ئۆسا، 30.77%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لە بەرامبەردا 12 کاندیدی دیکە بەشداری دەنگەکانی دیکەیان کردووە.
ئۆسا دوو کاتژمێر پێش داخستنی بنکەکانی دەنگدان لە رۆژی شەممەدا باسی لە "ئۆپەراسیۆنی ساختەکارییەکانی کەمپینی بۆنگۆ کردبوو، هەروەها سەرکەوتنی خۆی لە هەڵبژاردنەکاندا پشتڕاستکردەوە. لە رۆژی دووشەممەش داوای لە کەمپینی بۆنگۆ کرد کە دەسەڵات بەبێ خوێنڕشتن رادەست بکەن، بە پشتبەستن بە ژماردنی دەنگەکان کە لەلایەن وردبینیکەرەکانیەوە ئەنجامدراوە، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەنامەیەک بڵاوبکاتەوە کە ئەمە بسەلمێنێت.
سەربازەکان پێیان وابوو کە رێکخستنی هەڵبژاردنەکان رێزی لە مەرجەکانی دەنگدانێکی شەفاف و باوەڕپێکراو و گشتگیر نەگرتووە، وەک ئەوەی گەلی گابۆن هیوای بۆ خواستبوو.
بۆنگۆ لە رێگەی ئەم هەڵبژاردنانەوە هەوڵی درێژکردنەوەی هەژموونی دەسەڵاتی بنەماڵەکەی دا کە 56 ساڵە حوکمڕانی ئەو وڵاتە دەکەن، عەلی بۆنگۆی تەمەن 64 ساڵ، لە ساڵی 2009 دوای کۆچی دوایی باوکی عومەر بۆنگۆ ئۆنجیمبا هەڵبژێردراوە، لە کاتێکدا ئۆپۆزسیۆن پاڵپشتی گۆڕانکاری دەکات لە وڵاتی دەوڵەمەند بە نەوت، بەڵام هەژار لە ئەفریقای ناوەڕاستدا.