عەبدولسەلام بەرواری: زۆرینەی سکاڵاکانی دادگای فیدراڵی لە دژی کوردستان لەلایەن کوردەوە تۆمارکراون

عەبدولسەلام بەرواری، شرۆڤەکاری سیاسی و ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان
عەبدولسەلام بەرواری، شرۆڤەکاری سیاسی و ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان

K24 - هەولێر

عەبدولسەلام بەرواری رایدەگەیەنێت، زۆرینەی ئەو سکاڵایانەی لە دادگای فیدراڵی لە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، لایەنە کوردستانییەکان و بەشێک لە فراکسیۆنەکانی بەشدار لە کابینەی نۆیەم  تۆماریکردوون. ئاماژە بەوەش دەدات، لە بەغدا خاوەن ماڵ نییە و کەس خەم لە ماڵەکەی ناخوات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 30ـی ئابی 2023، عەبدولسەلام بەرواری، شرۆڤەکاری سیاسی و ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاتژمێر 10:00ـی کوردستان24 رایگەیاند، یەکێک لەو هۆکارانەی وایکردووە هەولێر و بەغدا لەبارەی کێشە هەڵپەسێرداوەکان نەگەنە رێککەوتن، "قبووڵنەکردنی بیرۆکەی فیدراڵییەت لەلایەن بەرپرسانی عێراق و دانەننان بەوەی هەرێمی کوردستان لە فیدراڵییەتدا جیاوازە لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق".

وەکو ئەوەی عەبدولسەلام بەرواری باسی دەکات، "هەرێمی کوردستان بەپێی ماددەی 121ـی دەستوور نوێنەرایەتی دەوڵەتی عێراق دەکات لەسەر پارچەیەک زەوی و هەموو دەسەڵاتێکی هەیە، بەڵام ئەمە لەلایەن وەزیر، بەرپرس، سیاسەتمەدار و تەنانەت کارمەندانیشەوە لە بەغدا قبووڵ ناکرێت".

بە گوتەی ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، "لە دوای ساڵی 2003، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق سەرکەوتوونەبوون و کێشەیان هەبووە لە پێشکەشکردنی سادەترین خزمەتگوزارییەکان بە هاووڵاتییان و بەردەوام خەڵک ناڕازی بووە، بەڵام لە بەرامبەردا لە هەرێمی کوردستان، سەرەڕای گەمارووی ئابووری، شەڕی داعش، هاتنی سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەر، بەردەوام پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە. ئەمەش یەکێکی دیکەیە لەو هۆکارانەی وایکردووە بەردەوام بەغدا لەگەڵ هەولێر نەگاتە رێککەوتن".

ئەو ئەندامەی پێشتووتری پەرلەمانی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، "لەڕووی پێشکەوتنەوە هەرێمی کوردستان لەگەڵ عێراق بەروارد ناکرێت. خزمەتگوزارییەکانی وەکو کارەبا و ئاو لە عێراق زۆر خراپە، بەڵام لە بەرامبەردا لە هەرێمی کوردستان زۆر باشترە".  

عەبدولسەلام بەرواری وەکو خۆی دەڵێت، "لە ماوەی رابردوودا زۆرینەی ئەو سکاڵانەی لە دادگای فیدراڵی دژ بە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، لە ڕاستیدا لەلایەن عەرەبی شۆفینییەوە تۆمارنەکرابوون، بەڵکوو لەلایەن کورد و بەتایبەت لەلایەن چەند فڕاکسیۆنێکی بەشدار لە حکومەتەوە پێشکەش کرابوون. ئەمەش هانی بەرپرسانی عێراق دەدات سووربن لەسەر هەڵوێستەکانیان و هەوڵ بدەن وەک پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەرێم بکەن".

له‌ 25ی ئاداری رابردووه‌وه‌ تا ئێستا هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا وه‌ستاوه‌، به‌ گوێره‌ی رێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، پێویسته‌ هه‌رێمی كوردستان رۆژانه‌ 400 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی سۆمۆ بكات، له‌به‌رامبه‌ردا شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ دابینبكرێت.

بە گوتەی عەبدولسەلام بەرواری، بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا، بە بەهای زیاتر لە شەش ملیار دۆلار زیانی دارایی بەر عێراق کەوتووە. دەشڵێت، "زیانی دارایی بەر تورکیاش کەوتووە و ئەگەر هەر رۆژێک هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووک زیاتر دوابکەوێت، زیانە داراییەکانی زیاتر دەبن".

وەکو ئەوەی ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە باسی دەکات، "لە بەغدا خاوەن ماڵ نییە، خاوەن ماڵ خەمی ماڵەکەی دەخوات، بەڵام لە عێراق ملیاران دۆلار بە فیڕۆ دەچێت و بڕیار لەسەر پڕۆژەی وەهمی دەدرێت، کەچی کەس خەمی لێ ناخوات و بەدواداچوونی بۆ ناکات. من جەخت لەوە دەکەمەوە، هەرسێ لایەن، تورکیا، عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەناردەنەکردنی نەوتی کوردستان، زەرەرمەندن".