شرۆڤەکارێکی سیاسی: بەغدا پابەندی هیچ بنەمایەکی دەستووری نییە لەگەڵ کورد
K24 - هەولێر:
شرۆڤەکارێكی سیاسی و دەستووری سەبارەت بە پابەندنەبوونی بەغدا بە رێککەوتنەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەڵێت: بەغدا پابەندی هیچ بنەمایەکی دەستووری نییە لەگەڵ کورد و کار بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێم دەکات.
د. سەردار قادر، مامۆستای زانکۆ و شرۆڤەکاری سیاسی و دەستووری لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، باسی لەوەکرد، زۆربەی رێککەوتنەکان لە عێراق سیاسین و بنەمایەکی دەستوورییان نییە.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە پێی وایە، حکومەتی فیدراڵ لە دانووستانەکانیدا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر بنەمای ململانێ و بۆڕدانی بەرانبەر کار دەکات، کە "ئەمەش بە چوار قۆناغ دەکرێت".
گوتیشی: لە قۆناغی یەکەمدا، بەغدا دەیەوێت بەرانبەرەکەی کە هەرێمی کوردستانە، ماندووی بکات.
وەک د. سەردار قادر ئاماژەی پێدا، "لە قۆناغی دووەمیشدا هەوڵ دەدەن لێکترازان لەنێو ماڵی کورد دروست بکەن و یەکریزی نەهێڵن، کە ئەمەش بەجۆرێک لە یاسای بودجەدا کاریگەرییەکانی دەرکەوت".
بە گوتەی ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە، دوو قۆناغ ماوەتەوە کە بەغدا بەدوایدا دەگەڕێت، ئەویش قۆناغەکانی کۆنترۆڵکردن و دەستبەسەرداگرتنە، کە ئێستا بەغدا لە قۆناغی سێیەمدایە و دەیەوێت لەڕووی هێز، ئابووری و دیبلۆماسییەوە دەیەوێت کۆنترۆڵی هەرێمی کوردستان بکات، دواتریش بەتەواوی هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی دەدات بۆئەوەی حکومەتێکی لەقاڵبدراو بۆ هەرێمی کوردستان دروست بکات.
د. سەردار قادر باسی لەوەشکرد، "ئامانجی حکومەتی عێراق نەهێشتنی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بەو واقیعەی ئێستا هەیە".
ناوبراو بە پێویست دەزانێت لەسەر پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەرژەوەندی گشتی لەسەروو بەرژەندی تایبەتی خۆیانەوە دابنێن و گوتیشی: دەبێت کار لەسەر ئەوە بکەن، دەستێوەردانی دەرەکی کەمبکەنەوە و پشتیوانی وڵاتانی دیکە بۆ خۆمان پەیدا بکەین و بەرژەوەندییەکانی ئێرانیش لەبەرچاو بگرین، چونکە دەزانین باگراوندی هەموو ئەم شتانە لەکوێوە سەرچاوە دەگرێت.