کۆبوونەوەی شاندی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەستیپێکرد

كۆبوونه‌وه‌ی شاندی حكومه‌تی فیدڕاڵ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتی فوئاد حوسێن
كۆبوونه‌وه‌ی شاندی حكومه‌تی فیدڕاڵ و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌رپه‌رشتی فوئاد حوسێن

K24 - هەولێر:

ئێوارەی ئەمڕۆ بەسەرپەرشتی فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆبونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە بەغداد دەستیپێکرد.

تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە پرسی مووچەی مانگی تەممووز و ئابی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ئاستەنگەکانی بەردەم یاسای گشتی بوودجەی عێراق و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و گرفته‌كانی به‌رده‌م ناردنی ده‌بن.

شڤان جه‌باری، په‌یامنێری كوردستان24 رایگه‌یاند، شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا دوو ئامانجی هه‌یه‌، له‌ سه‌ره‌تادا مووچه‌ی هه‌ردوو مانگی ته‌ممووز و ئابی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان مسۆگه‌ر بكات، دواتر پشكی مانگی نوێی هه‌رێمی كوردستان وه‌ربگرێت.

گوتیشی، عێراق داوای راده‌ستكردنی ته‌واوی داهاته‌ نه‌وتی و نانه‌وتییه‌كانی ده‌كرد، له‌ به‌رامبه‌ردا هه‌رێمی كوردستان داوای هه‌موو پشكه‌كه‌ی ده‌كات كه‌ له‌ سه‌رووی تریلیۆنێك دۆلاره‌، به‌ڵام حكومه‌تی عێراق به‌و مه‌رجه‌ رازی نییه‌ و به‌وه‌ی به‌ستاوه‌ته‌وه‌ چه‌ندی له‌ گه‌نجینه‌دا بێت ئه‌وه‌نده‌ بنێریت، بۆ نموونه‌ بۆ ئه‌و مانگه‌ نیازی وایه‌ نزیكه‌ی شه‌ش سه‌د ملیار بنێریت، كه‌ ئه‌مه‌ش ناكاته‌ نیوه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان.

شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24، لە بەغدا رایگەیاند، لەسەر پرسی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان بڕیاروایە ئەمشەو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی لەگەڵ تیمێکی حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی کازم حوسێن، راوێژکاری ئابووری سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببێتەوە، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەرانی وەزارەتی دارایی، نەوت، کۆمپانیای سۆمۆ، دیوانی چاودێری دارایی و کۆمەڵێک لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بەشداردەبن.

ئاماژەی بەوەشدا، لە شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نوێنەرانی پارتی، یەکێتی و گۆڕانیش بەشدارن بۆ ئەوەی گفتوگۆ و بەدواداچوون لەسەر ئەوە بکەن کە حکومەتی هەرێم تەواوی پابەندییەکانی خۆی بەرامبەر بە رێککەوتنەکان جێبەجێ کردووە، هاوکات داوا لە حکومەتی عێراقیش دەکەن کە پابەندی رێککەوتنەکانی بێت لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا بنیرێت.

پەیامنێری کوردستان24، ئەوەشی خستەڕوو، ئەمشەو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵدەدەن لەگەڵ تیمی حکومەتی عێراقی بگەنە رێککەوتن، کاتێک گەیشتنە رێککەوتن ئەوا سبەی لەگەڵ وەزیری دارایی کۆدەبنەوە و رێکارەکانی ناردنی پشکی هەرێم تاوتوێ دەکەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە (30ـی ئابی 2023)، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق سەبارەت بە پرسی بودجە و مووچە سەردانی بەغدای کرد.

بڕیاربوو هەینی رابردوو 25ی ئابی 2023، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ تاوتوێکردنی رەشنووسی یاسایی نەوت و گاز سەردانی بەغدا بکات، بەڵام بەهۆی کۆچی دوایی باوکی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق، سەردانی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دواخرا.

Fly Erbil Advertisment