هۆشداری لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەدرێت

K24 - هەولێر

چاودێرێکی سیاسی رایدەگەیەنێـت، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق رۆژ دوای رۆژ بەرەو لاوازی دەچێت، هۆکارەکەشی ئەوەیە لایەنەکانی هاوپەیمانی بەڕێوەبەردنی دەوڵەت لە رێککەوتنەکان پاشگەز بوونەتەوە. پسپۆرێکی سەربازیش دەڵیت: حکومەتی عێراق  دەیەوێت لە رووی سەربازیی و ئەمنییەوە هەرێمی کوردستان لاواز بکات.

جیبەجێ نەکردنی یاسای بودجە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدای بەرەو خراپتر بردووە، ئەم دۆخەش کاریگەریەکەی لە بەردەم بانکەکانەوە دەردەکەوێت، کە تا ئێستا دیار نییە کەی دەرگایان بۆ دابەشکردنی مووچە مانگی تەممووز دەکرێتەوە، ئه‌وه‌ی به‌غدا به‌رامبه‌ر هه‌رێمی کوردستان ده‌یكات، سیاسەتی برسیكردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە.

خراپی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، هۆکارەکەی پاشەکشەی لایەنە شیعەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبەردنی دەوڵەتە، بەشێکیشیان بەو رێگەیە دەیانەوێت ئەو بابەتە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان بەکاربێنن.

لەسەر ئەو پرسە بێوار رەحمان، چاودێری سیاسی بە کوردستان24ی گوت: "پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا لە ئاستێکی لاواز دەبینرێت، بەو هۆیەی بەشێک لە سەرکردەکانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و هاوپەیمانی شیعە، خۆیان لەو رێککەوتنە دەدزنەوە کە بۆ پێکهێنانی کابینەی سوودانی کرا".

گوتیشی: "بۆچوونێک لە بەغدا دروستبووە هەوڵی سڕینەوەی هەرێمی کوردستان دەدەن، رووبەڕووی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێم دەبنەوە، بۆیەش نایانەوێت لە ئێستادا هیچ بڕیارێک بدەن کە لە هەڵبژاردنەکان کاریگەری بکاتە سەر دەنگەکانیان".

بەشێکی دیکەی ئەو رێککەوتنەی بۆ پێکهێنیانی  حکومەتی ئێستای عێراق کراوە، گەڕانەوەی کوردە بۆ کەرکووک و شوێنەکانی دیکە، ئەو رێککەوتنەش بە دەردی یاسای بودجە چووە، ئەمەش له‌ هه‌ڵسوكه‌وتی لایەنگرانی حەشدی شەعبیدا ده‌بینرێت، كه‌ له‌ دژی جیێبەجێکردنی ئەم رێککەوتنە رێگەی کەرکووک-هەولێریان داخستووە. ئەم هەوڵانەش کاریگەری دەبێتە سەر هەماهەنگیە سەربازیی و ئەمنییەکان.

Fly Erbil Advertisment