خوێندنی باڵا: پاسوۆرد و یوزەرنەیمی دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى ئاڕاستەى قوتابخانەکان کراوە

زانکۆلاین
زانکۆلاین

K24 - هەولێر:

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوە زانستی رایگەیاند، ناوی بەکارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسوۆرد) بۆ سەرجەم دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە ئاراستەی خوێندنگاکان کراوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، دواى هەوڵەکانى وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتى گشتى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون و ناوەندى وەرگرتن بە هاوکارى بەڕێوەبەرایەتى ئەزموونەکانى سەر بە وەزارەتى پەروەردە، ناوی بەکارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسوۆرد) بۆ سەرجەم دەرچووانى دوانزەى ئامادەیى ئامادەکرا و لەلایەن وەزارەتى پەروەردەوە ئاڕاستەى قوتابخانەکان کراوە.

ئاماژە بەوەشدراوە، لەو چوارچێوەیەشدا دەرچووانى پۆلی دوانزەى ئامادەیى دەتوانن لەمڕۆوە سەردانى خوێندنگاکانیان بکەن بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ناوی بەکارهێنەر و وشەی تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسوۆرد).

لە راگەیەندراوەکەى وەزارەتى خوێندنى باڵادا هاتووە: پێویستە خوێندکاران بە باشى پاسۆرد و یوزەرنەیمەکانیان بپارێزن، چونکە دواتر لەڕێگەى ئه‌و (پاسۆرد و یوزەرنەیمە) دەتوانن فۆڕمی (زانکۆلاین) پڕبکەنەوە.