چیایی تەیمور: هەوڵێکی نەخوازراو بۆ شکستپێهێنانی کابینەکەی سوودانی هەیە
K24 – هەولێر:
پەرلەمانتارێکی عێراق، رایدەگەیەنێت، هەندێک لایەن لەناو هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەیانەوێت هەولێر بەغدا هەرگیز نەگەنە رێککەوتن بۆ ئەوەی شکست بە کابینەکەی سوودانی بهێنن، هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە ئێستا نۆرەی عێراقە کە پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات، لەبارەی رێگریکردن لە گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بارەگاکانیان لە کەرکووک، گوتی: رێگریکردن لە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک پلانێکی هەرێمییە.
چیایی تەیمور، پەرلەمانتاری عێراق، بە ژووری هەواڵی کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو ئەرکانەی کە لەسەر شانی حکومەتی هەرێی کوردستانە بەرانبەر بە حکومەتی عێراق سەرجەمی وەک خۆی جێبەجێ کراوە، بەڵام ئەوەی دەبینن حکومەتی عێراق رازی نییە شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
هاوکات ئەوەشی راگەیاند، هەندێک لایەنی سیاسی لە بەغدا دەیانەوێت دەسەڵاتی خۆیان بەسەر هەرێمی کوردستاندا بسەپێنن و دەیانەوێت هەرێمی کوردستان بچووک بکەنەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی دەکرێت دژی هەرێمی کوردستان تەنیا مەبەست لێدان نییە لە حکومەت هەرێمی کوردستان، بەڵکو مەبەستیان لێدانە لە کابینەکەی محەممەد شیاع سوودانی، هەروەها هەوڵێکی نەخوازراو بۆ شکستپێهێنانی کابینەکەی سوودانی هەیە.
روونیکردەوە، بەشێک لەو لایەنە سیاسییەنەی کە بەشدارن لە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لە سەرکەوتی سوودانی دەترسن، زیاتر لەوەش دەترسن سوودانی بەو سەرکەوتنانەی بتوانێت لە ئایندەدا دەنگی زیاتر بەدەست بهێنێت، هەروەها نایانەوێت رێککەوتنی هەولێر و بەغدا جێبەجێ بکرێت تەنیا بۆ ئەوەی حکومەتەکەی سوودانی شکست بهێنێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان دەزانێت محەممەد شیاع سوودانی پیاوێکی راستگۆیە دەیەوێت کێشەکان نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکات، بەڵام بەربەستی بۆ دروست دەکەن، "ئێمەش نامانەوێت ببینە بەربەستی زیاتر بۆ سوودانی".
چیایی تەیمور، ئاماژەی بەوەدا، کاتی ئەوە هاتووە وەفدێکی باڵا لە هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات بۆ ئەوەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکات، ئەگەر لەدوای سەردانی ئەو وەفدە باڵایەش کێشەکان چارەسەر نەبوون ئەوکات پێویستە هەرێمی کوردستان هەڵوێستێکی دیکەی هەبێت بەرامبەر بە عێراق.
رۆژی (30ـی ئابی 2023) شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری سەردانی بەغدایان کرد، شەوی رابردوو چەند کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق کردووە و ئەمڕۆش درێژە بە گفتوگۆکانیان دەدەن.
پەیامنێری کوردستان24 زانیویەتی، لە کۆبوونەوەکەدا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تیمی حکومەتی عێراق گوتوە، ئەو بڕە پارەی مانگانە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە رەوانە دەکرێت، کەمترە لە بڕی پێویست بۆ مووچەی هەر مانگێک، چونکە مانگانە حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا بۆ مووچە پێویستی بە زیاتر لە 900 ملیار دینارە.
لەبارەی رێگریکردنی حەشدی شەعبی لە گەڕانەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بارەگاکانیان، چیایی تەیمور، گوتی: رێگریکردن لە گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکووک پلانێکی هەرێمییە، ئەوان دەزانن پارتی دیموکراتی کوردستان نوێنەری راستەقینەی گەلی کوردە بۆیە رێگری لێ دەکەن، هێزی دیکەی کوردیش لە کەرکووک هەیە، بەڵام رێگری لەوان ناکەن تەنیا رێگری لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن.
هەروەها گوتیشی: پارتی لەو هاوکێشەیە زەرەمەند نابێت، بەڵکو بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەنگی زیاتر دەبێت و کورسیشی زیاتر دەبێت.
دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەم مانگە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق فەرمانی دەرکرد بە گەڕاندنەوەی بارەگا داگیرکراوەکانی پارتی لە کەرکووک، دەنگی ناڕەزایەتی لەلایەن بەرەی تورکمانی و هاوپەیمانی عەرەبی و هێزەکانی حەشدی شەعبی و عەرەبە هاوردەکانی کەرکووک بەرزبووەوە.
پارتی لە شاری کەرکووک 33 بارەگای هەبووە و هەرچەندە بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 زۆربەی بارەگاکانی پارتی ئێستا لە کەرکووک چۆڵکراوە، بەڵام بارەگای سەرەکی ئەنجوومەنی سەرکرایەتی پارتی لە کەرکووک تائێستا لەلایەن فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی کەرکووکەوە داگیرکراوە.
له 16ـی ئۆكتهری ساڵی 2017، هێزێكی كوردی به رێككهوتن لهگهڵ حهشدی شهعبی، شاری كهركووكی رادهست كردهوه، لهوكاتهوه پارتی دیموكراتی كوردستان تهواوی بارهگاكانی لهو شاره چۆڵكرد و به شارێكی داگیركراوی وهسفكرد، ئێستاش دوای پێكهێنانی حكومهتهكهی سوودانی و رێككهوتنی ئیدارهی دهوڵهت، پارتی دەیەوێت بارەگاکانی خۆی بە فەرمی لە كهركووك بکاتەوە.