ئیدارەی خۆسەر لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا قەدەغەی هاتووچۆی لە دێرەزوور راگەیاند
K24 – هەولێر:
بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکان ئیدارەی خۆسەر لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا بۆ 48 کاتژمێر لە دێرەزوور هاتووچۆ قەدەغەکرا.
ئەمڕۆ هەینی (1ـی ئەیلوولی 2023)، ئیدارەی خۆسەر رایگەیاند، بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، لە شەممەوە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ بۆ ماوەی 48 کاتژمێر لە دێرەزوور جێبەجێ دەکرێت.
راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ لەکاتێکدایە سەرۆکی جێبەجێکاری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات میلیشیاکانی سەر بە ئێران و رژێمی سووریا بە هۆکاری شەڕ و ئاڵۆزییەکان تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، دەیانەوێت ئاڵۆزی لەنێوان کورد و عەرەب دروستبکەن و ناوچەکە ناسەقامگیر بێت.
رۆژی (30ـی ئابی 2023) روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە، "ئێوارەی سێشەممە لە شارۆچکەکانی ئەلعەزبا و ئەلحەریجییە لە لادێکانی دێرەزوور، پێکدادانی چەکداری لەنێوان چەکدارانی هۆزەکانی ئەنجومەنی سەربازی دێرەزوور و هەسەدە رووویدا، لەئەنجامدا سێ چەکداری هەسەدە کوژراون".
هاوکات لەگەڵ ناکۆکییە بەردەوامەکانی چەند ناوچەیەک، ئەندامانی هێزەکانی سوریای دیموکرات دوو ئۆتۆمبێلی میلیشیای بەرگریی نیشتمانییان لە دەروازەی سەلحیە کردە ئامانج و یەکێکیان تەقێنرایەوە.
روانگە بڵاویکردەوە، کە خەڵکی سڤیل بەهۆی پێکدادانەکانەوە لە ناوچەی نیشتەجێبوونی شارۆچکەی ئەلعزبا هەڵاتوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، چەکدارانی ئەنجوومەنی سەربازی دێرەزوور و ئەندامانی بەشێک لە هۆزەکان بە دۆشکە خاڵێکی سەربازی و بارەگایەکی پۆلیسی سەربازیی هەسەدەیان لە شارۆچکەی غەرانیج لە رۆژهەڵاتی دێرەزور کردە ئامانج.
لەراپۆرتەکەدا هاتووە، هەندێکی دیکە بارەگای فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سوپای هێزەکانی سوریای دیموکراتیان کردە ئامانج، هەروەها کۆنترۆڵی دوو خاڵی سەربازییان لە نزیک بارەگاکەدا کرد.